پێشەوا هەورامانی: هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نەماوە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: دوای ناردنی پارەکەی بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە بڵاو دەکاتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەکرێت

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگەکانی داهاتووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نەماوە و چاوەڕێی ناردنی ئەو پارەیە دەکەین کە ماوە.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، دوای ناردنی پارەکەی بەغدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە بڵاو دەکاتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەکرێت و ئامادەکارییەکانیش بۆ مووچەی مانگ 9 دەست پێ دەکەین.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، پێشوازیی لەم لێکتێگەشتنە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەکەن و ئومێدەوارن لەسەر پرسەکانی دیکەش بگەنە ڕێککەوتن، هەروەکو چۆن لە پرسی مووچە لێکتێگەشتنەکان ئەنجامی هەبوو.

هەورامانی، گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە نییتەتپاکی خۆی نیشانداوە، جیددیە و ئامادەیە بۆ هەموو دەستپێشخەرییەک بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ.

10ـی ئەیلوولی 2024 سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەن بڕیاردرا بە خەرجکردنی مووچە ڕاگیراوەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەو سەرچاوەی ئەنجوومەن ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاری ناردنی تەواوکاری مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێمیشی دا، چونکە بۆ مووچەی مانگی 7 وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا 36 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو.

لای خۆیەوە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گفتوگۆکانی نێوان هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بوون کە تێیدا زۆرینەی پرسەکانی پەیوەست بە هەردوولا تاوتوێ کران.

گوتیشی: ئەنجامی کۆبوونەوەکان لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەبن.