کارمەندێکی پێشووی ئەپڵ: ئایفۆن 16 ئەوە نییە کە باسی دەکەن!
لە کاتێکدا 'تیم کوک' بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەپڵ ستایشی ئامێری ئایفۆن 16ـی کرد کە چەند ڕۆژێکە وەشانەکەی ڕاگەیەندراوە، کارمەندێکی پێشووی کۆمپانیاکە دیدێکی تەواو جیاوازی لەوبارەوە هەیە.
کۆمپانیای ئەپڵ ڕۆژی دووشەممە، چالاکیی ساڵانەی خۆی بۆ خستنەڕووی بەرهەمەکانی سازکرد و تیایدا ئایفۆن 16 و ئەیرپۆدس 4 و ئەپڵ واتچ سیریز 10ـی پێشکەش کرد.
تایلەر مۆرگان، کە زیاتر لە ساڵێکە وەک پسپۆڕی فرۆشتن لە کۆمپانیای ئەپڵ کاری دەکرد، بە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ـی بەریتانی گوت: کە ئەو پێشکەوتنانەی لە پێکهاتەی نوێی ئایفۆنەکاندا کراون مایەی دڵساردین. ئاماژەی بەوەش کرد، تاکە شتی نوێ و جیاواز لە ئامێرەکانی پێشوودا بریتییە لە دوگمەی نوێ لەسەر ڕووی دەرەوە ئامێرەکە.
مۆرگان دەشڵێت: هەستی بەوە کردووە کە کۆمپانیای ئەپڵ "لە بازنەیەکدا گیربووە"، ئەمەش وایکردووە بەکارهێنەرانی بێهیوا بن لەو ئامێرانەی کە جیاوازییەکی بەرچاویان لەگەڵ مۆدێلەکانی پێشوودا نییە. باس لەوەش دەکات، کاتێک هەمان شت دووبارە دەکەیتەوە، کەسانێک دەبینیت کە لێی بێزار دەبن.
مۆرگان. کە لە تیک تۆک ڤیدیۆی فێرکاریی لەسەر بەرهەمەکانی ئەپڵ دروست دەکات، درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: پێموایە ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە خراپترین ڕووداوەکانی ئەپڵ کە تا ئێستا بینیومە.
جەختیشی کردەوە، ئایفۆن 16 لە نوێکردنەوەیەکی زۆر مامناوەند دەچێت، کە بە شێوەیەکی ڕستەیی دوگمەیەکیان زیاد کردووە بۆ فرۆشتنی مۆبایلێکی دیکە.