دەست بەسەر نزیکەی 6000 پارچە کەلوپەلی ساختەی بارسێلۆنا گیرا

بارسێلۆنا
بارسێلۆنا

دوێنێ هەینی 23ـی ئۆکتۆبەری 2026 پۆلیسی نیشتیمانی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر زیاتر لە شەش هەزار پارچە کاڵای ساختەدا گرتووە کە سەر بە یانەی بارسێلۆنا بوون.

رۆژنامەی وەرزشی موندۆدێپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، ئەو کاڵایانەی دەست بەسەردا گیراون بە مەبەستی دابەشکردن و فرۆشتن بوون بە شێوەیەکی نایاسایی لە مارکێتەکانی دەوروبەری کڵێسای ساگرادا فامیلیای بارسێلۆنا، هەروەها کەسێک دەستگیرکرا و تۆمەتبارکراوە بە ئەنجامدانی تاوانێک دژی مافی خاوەندارێتی یانەکە.

لەنێو ئەو شتانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، درێس و کەل و پەلی دیکە کە هێما و وێنە و نیشانەکانی یانەی بارسێلۆنایا لەسەر بووە و بەبێ مۆڵەتی خاوەن مافەکانی خۆیان دەفرۆشرێن، کەلوپەلەکان لە کۆگایەکدا دۆزراونەتەوە کە دەکەوێتە سەر شەقامی ڕۆسیلۆن لە پایتەختی کەتەلۆنیا، لەوێ هەڵگیراون پێش ئەوەی بەسەر فرۆشگا جۆراوجۆرەکانی ناوچەکەدا دابەشبکرێن.

لێکۆڵینەوەکان دوای تۆمارکردنی سکاڵایەک لەلایەن خاوەن مافی خاوەندارێتی پەیوەست بە یانەی بارسێلۆنا دەستیپێکرد، دواتر لەسەر بنەمای ئەم سکاڵایە ئەفسەرەکان لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و کارەکانی پۆلیس بووە هۆی ناسینەوەی کۆگایەک کە بڕێکی بەرچاو کاڵای تێدا کۆکرابووەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان مەبەست لێی فرۆشتنی ئەو شتانە بووە لە فرۆشگاکانی دەوروبەری کەنیسەی ساگرادا فامیلیای کە یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین سەردانی گەشتیاران و سەردانیکەرانی بارسێلۆنای بۆ دەکرێت.

دوای چەند کاتژمێرێک پۆلیسی نیشتمانی زیاتر لە شەش هەزار پارچە کەلوپەلی ساختەی لە بازاڕ کۆکردەوە و کەسێکی پەیوەندیدار بەو بابەتە دەستگیرکرد و تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مافی خاوەندارێتی خستە پاڵ.