ئه‌مریكا پشتگیری خۆی بۆ هێزه‌كانی رۆژئاوای كوردستان نوێكرده‌وه
ستایشی سه‌ركه‌وتنیان له شه‌ڕی دژی داعش ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی ئه‌مریكا مارك تۆنه‌ر له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیدا پشتگیری واشنتۆن بۆ هێزه‌كانی سوریا دیموكرات نوێ كرده‌وه.
مارك تۆنه‌ر له وه‌ڵامی پرسیارێك سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی رۆژئاوای كوردستان، دیداره‌كانی برێت مه‌كگورك نێردراوی تایبه‌تی باراك ئۆباما له شه‌ری دژی داعش به بیرهێنایه‌وه كه له لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كۆ بووه‌وه و خۆشحاڵی خۆیشی سه‌باره‌ت به رزگاركردنی منبج ده‌ربڕی.
هه‌روه‌ها پشتگیری واشنتۆن بۆ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له شه‌ڕی دژی داعش پیشاندا كه برێت مه‌كگورك به‌و لایه‌نه راگه‌یاندووه و ستایشی رۆڵیان له شه‌ڕی دژی داعش كرد كه قوربانی زۆریان داوه و پاشه‌كشه‌یان به داعش كردووه.
له به‌شێكی تردا به‌ڵێنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات گرنگ وه‌سفكرد و رایگه‌یاند شاری منبج له لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت و شه‌رڤانه كوردییه‌كانی ناو هێزه‌كانی سوریا دیموكرات بۆ رۆژهه‌ڵاتی فورات ده‌كشێنه‌وه.
مارك تۆنه‌ر هه‌روه‌ها خۆی له‌وه پاراست كه ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا له ناوی سنووری سوریا به یاسایی بزانێت، ته‌نیا ئاماژه به پاراستنی به‌رژوه‌ندیی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به‌رامبه‌ر داعش كرد.