سەرۆکی لیژنەی دارایی: گرفت لە بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە

مووچە
مووچە

هەفتەی داهاتوو شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

شەممە،  14-09-2024، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو، شاندێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بۆ چۆنێتیی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان؛ سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆ دەبێتەوە.

عەتوانی باسی لەوە کرد، لیژنەی دارایی وەکوو لایەنێکی چاودێر، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکات کە لە نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری مووچە، باج، گومرگ و دەروازە سنوورییەکان کراون.

سەرۆکی لیژنەی دارایی گوتیشی: ئێستا گرفت لە بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە و بەپێی بڕیای ئەنجوومەنی وەزیرانیی عێراقیش دەبێت تاوەکوو مانگی 12 مووچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت. لە بەرانبەردا مۆڵەت دراوە بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تاوەکوو کێشە و گرفتەکانی لیستی مووچە چارە بکات.

چوارشەممە، 11-09-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنەکە و بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایيی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی جێبایەخی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کەشێکی ڕاشکاوانە و ئەرێنیدا تاوتوێ کران، کە هەندێکیان بڕیاری هەنووکەییان لەبارەوە درا و ئەوانی تریش ڕاسپاردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدرال کرا، و جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان كرا بۆ چارەکردنی ئەو پرسانەی کە پێویستیان بە کۆبوونەوە و دیداری زیاتر هەیە.