ئێران هێرشی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان چڕتر کردەوە

لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و نەگەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی شوباتی رابردوو دەستیپێکرد، سوپای ئێران هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز چڕتر کردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای ئێران رایگەیاند، سیستمی ناسینەوە و ئاراستەکردنی سێ کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز لەکارخراون. یەکێک لەو کەشتییانە بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی ئاگری گرتووە و لە جوڵە کەوتووە، دوو کەشتییەکەی دیکەش ئاراستەکەیان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە بۆ ناو کەنداو. ئەو زانیارییانە ئاژانسی ئیسنا بڵاویکردەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بەرەبەیان لە هێرشێکی درۆنی ئەمریکیدا بۆ سەر بەلەمێک لە نزیک سیریک لە باشووری ئێران، دوو کەس بریندار بوون و کەسێکی دیکەش بێسەروشوێنە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی فایننشیال تایمز، لە دوو مانگی رابردوودا شەش کەشتی کەوتوونەتە بەر هێرشی دووقاتی ئێران. تاران پەنای بردووەتە بەر تاکتیکی توندتر بۆ وەستاندنی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبن.

راوێژکارانی بواری ئاسایشی دەریایی ئەو ستراتیژەیان بە لێدانی دووقات ناوبردووە و بە بەشێک لە هەڵمەتێکی بەردەوام دایدەنێن کە لە تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا کەشتییەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی خۆیان لەوەتەی کۆتایی شوباتی رابردوو.

هەندێک لە بەرپرسانی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی پێیانوایە ئەو لێدانانە ستراتیژێکی ئەنقەستی ئێرانییە کە ئامانج لێی لەکارخستنی کەشتییەکان و پەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن و چاککردنەوەیە. بەرپرسێکی باڵا لە بواری کەشتییە نەوتهەڵگرەکان گوتی: "دیارە ئامانجەکە وەستاندن و پەکخستنی کەشتییەکانە". ئەو بەرپرسە دووپاتیشیکردەوە، کردەوەکانی ئێران بێباکانەن و رەنگە ببنە هۆی کوژرانی خەڵک.

سەرەڕای ئەو هێرشانە، داتاکانی لۆیدز لیست کە پێنجشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە دەریدەخەن، هەرچەندە زیاتر لە 50 هێرش لە تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا تۆمارکراون، بەڵام ژمارەی ئەو گەشتانەی دێنە ناو هورمز دوای هەڵگیرسانی ململانێکان گەیشتووەتە 237 گەشت لە تشرینی یەکەمدا، کە ژمارەیەکی پێوانەییە.

هەروەها جوڵەی کەشتییە گواستنەوەکانی بارە وشکەکان بەشێوەیەکی پلەبەندی بەرزبووەتەوە و ژمارەی پەڕینەوەکانیان بەراورد بە مانگەکانی سەرەتای جەنگەکە نزیکەی دوو هێندە بووە، بەڵام هێشتا بە رێژەیەکی بەرچاو لە ئاستی پێش جەنگ کەمترە. زۆربەی کەشتییەکان بە پاڵپشتیی هێزی دەریایی ئەمریکا، رێڕەوێکی نزیک لە کەناراوەکانی عومان-یان گرتووەتە بەر، سەرەڕای ئەوەی ئێران هۆشداری داوە لەوەی رەنگە بکرێنە ئامانج.

بریجێت دیاکۆن، بەڕێوەبەری توێژینەوەکان لە لۆیدز لیست رایگەیاند، لەسەر ئاستی ئێران لەو ژمارە سنووردارەی کەشتییانەی هێشتا بە گەرووەکەدا تێپەڕدەبن، لانیکەم چارەکێکیان کەشتیی چینین.

واشنتن بەردەوامە لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا. سوپای ئەمریکا ئێوارەی هەینی رایگەیاند، کەشتییەکی بازرگانییان لە کەنداو عومان پەکخستووە، دوای ئەوەی سەرنشینەکانیان هەوڵیانداوە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بشکێنن سەرەڕای وەرگرتنی چەندین هۆشداری.

دانوستانەکانی نێوان لایەنی ئەمریکی و ئێرانی لە رێگەی نێوەندگیەرەکانەوە هێشتا لەبەردەم ئاستەنگدایە. ئەمەش لە کاتێکدایە هەڕەشە و هۆشدارییە دووقۆڵییەکان بەردەوامن و تاران هەر لەسەر داواکارییەکەی بۆ بەڕێوەبردنی تایبەتی گەرووی هورمز سوورە، بابەتێک کە پێشتر واشنتن و لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەیییەکانی دیکە رەتیانکردووەتەوە.