حکوومەت دوو شوێنی ئایینی لە سنووری زاخۆ نۆژەن دەکاتەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی ملیارێک و 120ملیۆن دینار دوو شوێنی پیرۆزی ئاینی کوردانی ئێزیدی و کریستیانەکان لە پێشخابوور نۆژەن دەکاتەوە، کە بە تەواوبوونی ئەم دوو پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی گەشتیاری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەبێتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیاری ئاینیی.
سەرپەرشتی پرۆژەکانیش دەڵێت: جگە لە نۆژەنکردنەوەی ئەم دوو شوێنە، چەند پارک و کەپر و ڕێگەوبان دروست دەکرێن کە سیمایەکی جوان دەدەنە ئەم شوێنە پیرۆزانە.
عەبدولسلام ئەحمەد، سەرپەرشتی پرۆژەکە بۆ کوردستان24 دەڵیت: ئەو پڕۆژەی ئێمە چاکی دەکەین دروستکردنی کافتریایەکە لەگەڵ شوێنی چەند دەستشۆرێک و کەپر لەگەڵ باخچەیەکی گەورە لە دەیری مارگورگیس و چاکردن و ڕێکخستنی کانی دێرە بوون لەگەڵ شانۆیەکی ڕۆمانی.
یەکێک لە پڕۆژەکان دەیری مارگۆرگیسە، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، شوێن کەوتوانی کریستیان بۆ ڕێوڕەسمە ئاینییەکان لەوێ کۆدەبنەوە، جگە لە شوێن کەوتوانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئەورووپا و ئوسترالیاش لە ڕێوڕەسمی شادێر بۆ پیرۆزکردنی ئەو ڕۆژە دێنە ئەو شوێنە.
دڵخواز نزار، ئەندازیاری کۆمپانیایی جێبەجێکار ڕاگەیاند، بە دروست کردنی ئەم شوێنە بۆ برایانی کریستیان، گرنگییەکی زۆری دەبێت.
ئەم شوێنە ڕۆڵی هەیە لە ڕاکێشانی گەشتیاری ئاینیی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە نۆژەنکردنەوەی کردووە، تا ئێستە 80% کارەکانی تەواو بوونە لەوێ پارکێکی گەورە و کەپر بۆ مانەوەی سەردانیکەران دروست دەکرێت، کە دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات. هەروەها مەزارگەی عەبدی ڕەشی لە پێشخابوور.
یەکێکی دیکە لەو پرۆژانەی نۆژەن دەکرێتەوە، جگە لە ئێزدییەکانی هەرێمی کوردستان لە عێراق و وڵاتانی دیکەش دێنە سەر ئەم مەزارگەیە، لێرە بەشێکی کارەکانی نۆژنکردنەوە تەواو بووە، ساڵانەش دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هەزاران گەشتیاری ئاینی لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ئەو مەزارگەیە لەسەر مەزارگەکە کانی دێرە بوون هەیە ئەویش نۆژەن دەکرێتەوە و دەیان کەپر بۆ گەشتیاران دروست دەکرێن و شوێنی شانۆیەکی ڕۆمانیش بۆ نمایشکردنی بۆنەکانیان دروست دەکرێت.
بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیەش ساڵانە هەزار گەشتیاری ئاینیی ڕادەکێشێت، هەردوو پرۆژەکە لە چوارچێوەی پرۆژە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن.