لە بەغدا چوار کچ خۆیان کوشت

سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، دوو کچ لە دوو ناوچەی بەغدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، سێیەمیشیان لەکاتی دەستگیرکردنی لە نوسینگەی دژە بازرگانیی بە مرۆڤ، لە کەرتی ڕەسافە مردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: یەکێک لە کچەکان لە لەدایکبووی ساڵی 2004 لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی ڕەشاد، بە پەت خۆی هەڵواسیوە و مردووە، ئاماژەشی بەوەدا، هێشتا نەزانراوە بۆچی خۆی کوشتووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کچێکی دیکە، لە دایکبووی ساڵی 2010، بە هەمان شێوە، لە ناو ماڵەکەیدا لە گەڕەکی حەیفا ی ناوەڕاستی بەغدا، بە شاڵێک خۆی بە پانکەی بنمیچدا ‌هەڵواسیوەو و مردووە.  

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە بەغدا چوار حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کچێکی دیکە، لە دایکبووی ساڵی 2001 لەلایەن فەرمانگەی دژە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە  کەرتی ڕەسافە دەست بەسەر کراوە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا باری تەندروستی تێکچووە و لەڕێگەی بردنیدا بۆ نەخۆشخانەی شێخ زەید، گیانی سپاردووە.

گوتیشی: پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و  چاوەڕوانی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەرین.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پارێزگای زیقار بڵاوی کردەوە، لە کاتی ڕێوڕەسمی پرسە لە باکووری شاری ناسریە، ناوەندی پارێزگاکە، دوو کەس برینداربوون.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی هەواڵی شەفەقی ڕاگەیاند، لە گەڕەکی دەبات لەشارەدێی شەترە لە باکوری پارێزگای زیقار لەکاتی ڕێوڕەسمی پرسەیەک، بووەتە شەڕ و تەقە، بەو هۆیەوە (پیاو و ژنێک) بە گولـلە برینداربوون و بۆ تیمارکردن گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.