شوان محەممەد: لەوەتەی هێزی پێشمەرگە لەکەرکووک نەماوە، بەردەوام کێشەی ئەمنی هەیە

ژمارەی ڕووداوە ئەمنییەکان لەسنووری پاريزگای کەرکووک زۆر بوون، لەماوەی هەفتەیەکدا دوو ئەندامی هێزەئەمنییەکان کوژراون و شەشی دیکەش بریندار بوون و چارەنووسی هاووڵاتییەکی ڕفێنراوی کوردیش هێشتا نادیارە.
تەنیا لەماوەی هەفتەیەکدا لەسنووری کەرکووک چوار ڕووداوی ئەمنی ڕوویان داوە، لە هێرشێکی چەکداری بۆ سەر سوپای عێراق لە خۆرئاوای کەرکووک دووئەفسەری پلەباڵا کوژران. لە سنووری پردێ گەنجێکی کورد ڕفێندراو تائێستا چارەنووسی نادیارە. لە گوندی سێکانیان هێزەئەمنییەکان لەگەڵ چەکدارێک ڕووبەڕووبوونەوە و پاش برینداربوونی سێ ئەندامی هێزەئەمنییەکان، چەکدارەکە کوژرا، دواترینیشیان کوشتنی دووچەکداری خۆکوژە لەسەر ڕيگەی بازنەیی کەرکووک.
شوێنی کوشتنی دووچەکدارە خۆکوژەکەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ، دەستە ڕاستی ئەم شوێنە، ناوچەی جەوەڵ بۆرە کە بۆشایی ئەمنیی هەیە و پيشتریش جموجۆڵی چەکداری تێدابووە و کاری تیرۆریستی تێدا کراوە. دەستی چەپی شوێنەکەش بازاڕی گەورەی پەنجاعەلییە ، چەندجارێکیش لێرە هەوڵی تیرۆریستی پووچەڵ کراونەتەوە .
هاووڵاتیەکی کوردی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:وا دەکەن خەڵک بتۆقێنن، بەتایبەت کوردەکان کە ئێستە دوو بازاڕیان هەیە دەیانەوێت یەکێکیان لێ تێک بدەن، بەس بە پشتیوانی خوا ناتوانن.
هاووڵاتیەکەی دیکە دەڵێت: کێشە زۆر بووە، ئەوەی دەبێتە درواسێت نازانی بکوژە یان دزە، کەرکووک پێشتر هەمووان یەکتریان دەناسی بەڵام ئێستا وا نییە.
لەدوای پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک ناکۆکییە سیاسییەکان زیادیان کردووە، سەقامگیریی دۆخی سیاسی، هاوتەریب و یەکسانە بە جێگیربوونی دۆخی ئەمنی، ئەمە لێکدانەوە و بۆچوونی سیاسییەکانە.
شوان محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکيشانی کوردستان گوتی: ئەو کێشە ئەمنییانەی کەرکووک چاوەڕوان کراون، چونکە ناوچەیەکی هەستیار و پڕ ململانێیە، هەروەها ڕووداوە سیاسییەکانیش کاریگەریی خۆیان هەیە، بۆیە پێمان وایە پارێزگاری کەرکووک دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوە بچێت، لەبەرئەوە دووپات دەکەینەوە ئەو هێزە هاوبەشەی لە نێوان هەرسێ پێکهاتە پێک هێنراوە جارێکی دیکە کارا بکرێتەوە، هەروەها هێزی پێشمەرگە لەکەرکووک دەستی کراوە بێت، چونکە لەوەتەی هێزی پێشمەرگە لەکەرکووک نەماوە، بەردەوام کێشەی ئەمنی هەیە.
بوونی بۆشایی ئەمنیش لەسنووری مادەی 140 یەکێکی دیکەیە لەهۆکانی ناجێگیریی دۆخی ئەمنی کە چەکدارانی داعش وەکو دەرفەتێک بۆ کردەوەکانیان بەکاری دەهێنن.