نەوت و کانزاکانی هەولێر: بەمزووانە نەوتی سپی لە سەنتەری شار دابەش دەکرێت

دابەشکردنی نەوتی سپی
دابەشکردنی نەوتی سپی

پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەمزووانە لە سەنتەری شاریش دەست پێ کات.

چوارشەممە، 18-09-2024، ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە، 12-09-2024، دەستیان بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت سپی لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگاکە کردووە.

بە گوتەی کاکەشین، تاوەکوو ئێستا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەریر، شەقڵاوە، پیرمام لە سنووری پارێزگای هەولێر و لە ناوچە شاخاوییەکانی چۆمان و سیدەکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ نەوتی سپی دابەش کراوە. گوتیشی، "پرۆسەی دابەشکردنی نەوتەکە لە قەزای کۆیە و چەند ناوچەیەکی دیکەی شاخاوی بەردەوامە".

وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەولێر باسی کرد، لەلایەن بریکارەکانەوە 200 لیتر نەوت، بە بەهای 104 هەزار دینار بە هەر خێزانێکی دانیشتووی ناوچە شاخاوییەکان دەدرێت. ڕوونیشی کردەوە، "نرخی نەوتەکە خۆی 100 هەزار دینارە، بەڵام چوار هەزار دینار وەک کرێی گواستنەوە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت".

کاکەشین باسی لەوەش کرد، ناوی هەموو خێزانەکانی دانیشتووی ناوچە شاخاوییەکانیان لایە، بۆیە بۆ پێدانی نەوتی سپی، تەنها داوای فۆرمی خۆراکیان لێ دەکەن.

لەبارەی ئەوەی کەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شاری هەولێر دەست پێ دەکات، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، "پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەمزووانە لە سەنتەری شاریش دەست پێ دەکەین، بەڵام وادەکەیمان دەستنیشان نەکردووە".

بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، "پاراستنی کوالیتیی نەوتەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی چاودێریی کوالیتی دەبێت".

چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بە فەرمانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بڕیارمان دا نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتییان دابەش بکەین".

وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت باسی لەوەش کرد، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە دەستی بە دابه‌شکردنی نەوت کردووە، پلانێکه‌ و ئامانجدارە".

Fly Erbil Advertisment