نەبەرد عومەر بۆ کوردستان24: هەفتەی داهاتوو وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت
K24 – هەولێر:
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق ڕایگەیاند، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێ کاندیدی لە بەشداریکردن بۆ هەڵبژاردن دوور خستووەتەوە و دەبێت لە ماوەی سێ ڕۆژدا سێ کەسی دیکە بۆ شوێنگرەوەی ئەو کاندیدانە دەستنیشان بکرێن.
چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکای عێراق، بۆ کوردستان24، گوتی: هەفتەی داهاتوو وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت و چاوەڕێ دەکرێت وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن نزیکەی 20 ڕۆژ بخایەنێت.
لەبارەی دوورخستنەوەی سێ کاندید لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، نابراو، دەڵیت: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێ کاندیدی لە بەشداریکردن بۆ هەڵبژاردن دوور خستووەتەوە و دەبێت لە ماوەی سێ ڕۆژدا سێ کەسی دیکە بۆ شوێنگرەوەی ئەو کاندیدانە دەستنیشان بکرێن.
یەکشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2024 جومانە غەلای، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، تاوەکوو وردبینی تەواوی بەربژێرەکان تەواو نەکرێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەرناکات.
گوتبووشی، هەر کەس و لایەنێک پێشێلکاری بکات، سزاکان ڕوون و ئاشکران، لە سەپاندنی پێبژاردنی ماددییەوە تاوەکوو دوورخستنەوەی کاندید و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.