100 ڕێپێدانی دیکەی دروستکردنی خانوو بە هاووڵاتییان درا

هەولێر
هەولێر

بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان، 100 ڕێپێدانی دیکەی دروستکردنی خانوو بە هاووڵاتییان درا.

چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان، 100 ڕێپێدانی دیکەی دروستکردنی خانوو بە هاووڵاتییان درا.

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند "لە بەرژەوەندىی هەژاران و کەمدەرامەتان، ئەمڕۆ 100 ڕێگەپێدانى دیکەی دروستکردنى خانوو ڕادەستی خاوەنەکانیان کرا کە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی ڕێگەپێدان بە زەوى سندووقى و سنووری گوند و فراوانکردنى، تا ئێستا زیاتر لە 5 هەزار و 500 هاوڵاتى سوودمەند بوونە".

16ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزار لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و دانیشتوانی شاری هەولێر، بەمەبەستی ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو بەشێوەی دابەش دوو، داوا لە هاووڵاتیان دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بکەن بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان بەپێی ڕێکار و ڕێنماییە یاسایەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار .

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات "لە ڕێنماییەکانی پێشوودا ڕێپێدان بەشێوەی دابەش دوو بۆ هەموو هاووڵاتیەک ڕێگەپێدراو نەبوو، بەڵام لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان بە گشتی و خەڵکی کەمدەرامەت بەتایبەتی، بەپێی ڕێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی، لە ئێستادا ڕێپێدان هەموو ئەو گەڕەکانە دەگرێتەوە کە ڕێژەی لە (60٪)ی بینای دابەش دوویان لێ دروست کراوە، هاوکات هەر بەپێی ڕێنمایییەکان، هاووڵاتی دەتوانێت بە یەک ناو لە وێنەی تۆمار، دوو خانوو بەشێوەی دابەش دوو دروست بکات بەپێی جێبەجێکردنی مەرج و ڕێکارەکان".

چوارشەممە، 17-07-2024، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانی ڕێپێدانی دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڕیارەکە، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە پێناو خزمەتکردنی هاونیشتیمانیانی شارە خۆشەویستەکەمان و بنیاتنانی ئاوەدانی زیاتر و بۆ بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتییانی کەمدەرامەت بەتایبەتی" دەرکراوە.