هەڵبژاردن بازاڕی ئاسنگەر و چاپخانەکان دەبوژێنێتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بازاڕی ئەو كەسانە گەرم بووە كە پێداویستییەكانی بانگەشەكردن دروست دەكەن و دەیفرۆشن.
شارەزایەكی بواری ئابووری دەڵێت: بە گوێرەی یاسا دیاریی نەكراوە لە پرۆسەی بانگەشەكردندا بڕی چەند پارە خەرج دەكرێت و ھەروەھا دیاریش نییە ھەر كاندیدێك بە چ شێوازێك بانگەشە دەكات بۆیە نازاندرێت تێچووی بانگەشەكردن چەند دەبێت.
سەنگەر حەمەئەمین، ئاسنگەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکەی 15 بۆ 20 ڕۆژە دەستمان بەو کارە کردووە، وێنەکان ئاسانترە بۆ لە چوار چێوەگرتن، ئەو چوارچێوانەی لەوانەی خۆمان هەبن کارەکان باشتر و ئاسانتر بەڕێوە دەچێت.
بازاڕی ئاسنگەران قەرەباڵغە و ھەموان سەرقاڵن جگە لە کاروباری ڕۆژانەی خۆیان ھەڵبژاردن ئەوانیشی سەرقاڵتر کردووە، بە دروستکردنی چاوارچێوەی پۆستەر و دانانی پۆستەرەکان بۆ کاندیدان.
ئابوری ناسێکیش دەڵێت: ھەڵبژاردن بۆ ھەڵبژاردن تێچووی بانگەشەكردن دەگۆڕێت.
ڕامیار حەسەن، ئابووریناس دەڵێت: کۆمیسیۆن پێویستی بە کۆمەڵێک خەرجی هەیە، لە چاپکردنی کارتەکان و پسولەکان لە هەموو ئەو شتانەی لە تەکنیکی هەڵبژاردندا بەکار دەهێنرێت، ئەوەش یەکێکە لە گرفتەکان کە لە عێراق پارەیەکی زۆر لە موازەنە خەرج دەکرێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو بابەتانەی پێویستن لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، ئەوی دیکەش ئەوەیە کە کاندیدەکان یاخود حزبەکان خۆیان ئەو جۆرەی دەیانەوێ بەکاری دەهێنن، ئەوەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بازاڕ، چونکە خەرجی زیاتر دەکرێت و داخوازی بابەتی نوێ دەبێت کە وەک بانگەشە بەکاری دەهێنن و وای لێ دێت بازاڕی ناوخۆ لاواز دەبێت. دەشکرێت لە کوردستان کۆمەڵێک بابەتی جوان کە بەکار دەهێنرێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت، ئەوا بازاڕی ناوخۆش باشتر دەبێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 13 حزب و دوو ھاوپەیمانی و 85 کاندیدی سەربەخۆ و 139 لیست تۆمار کراون، کە ھەموویان کاریگەریان سەر بانگەشە و بازاڕی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەبێت بەوەی کە خەرجی ھەریەکێکیان بۆ دروستکردنی پۆستەر و ڕێکلامی ھەڵبژاردنەوە دیاری نەکراوە و دیار نییە تێچووی بانگەشەكردن چەندە.