دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی دووسایدی ڕۆڤیا دەکرێت
بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی دووسایدی سەنتەری ناحیەی ڕۆڤیا دەکرێت.
پێنجشەممە، 19-09-2024، مەنهەل شێخ موافق، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکشەممەی داهاتوو، 22-09-2024، بەردی بناغەی پرۆژەی دووسایدی سەنتەری ناحیەی ڕۆڤیا دادەنرێت.
بە گوتەی مەنهەل شێخ موافق، دوای دانانی بەردی بناغە، دەستبەجێ لەلایەن کۆمپانیای "دابین گرووپ"ـەوە دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی دووسایدی سەنتەری ڕۆڤیا لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەکرێت.
جێبەجێکردنی پرۆژەی دووسایدی سەنتەری ڕۆڤیا یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی خەڵکی ناحیەکە و دەوروبەری.
بەڕێوەبەری ناحیەی ڕۆڤیا باسی لەوەش کرد، پرۆژەکە بە گوژمەی نزیکەی چوار ملیار و 800 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنان و بە درێژایی دوو کیلۆمەتر جێ بەجێ دەکرێت.
وەکو ئەوەی مەنهەل شێخ موافق، ئاماژەی پێ دا، دووسایدەکەی سەنتەری ڕۆڤیا ڕووناکی و ئاوەڕۆی لەگەڵدا دەبێت و لەنێوان هەردوو سایدەکانیش دەکرێتە سەوزایی و نەمام دەچێندرێن. ڕوونیشی کردەوە، دەروازەی هاتنە ناوەوەی ڕۆڤیا دەکرێتە گۆڕەپانێکی گەورە و فولکەیەکی جوان لێی دروست دەکرێت.
ناحیەی ڕۆڤیا دەکەوێتە سەر بە قەزای بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆک و 29 گوند لەخۆ دەگرێت. بە گوێرەی ئامارەکان، ژمارەی دانیشووانی سەنتەری ڕۆڤیا زیاتر لە 30 هەزار کەسە.