پارێزگاری دهۆک: لە شارۆچکەی شێخان 126 پرۆژە جێبەجێ کراوە

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، ڕێگەی شێخان- لالش خزمەتێکی زۆر بە خوشک و برا ئێزدییەکان و زیارەتکارانی ئەو دەڤەرە دەگەێنێت، ئەوەش نیشانەی گرێدانی پێکەوەژیانە.

شەممە، 21ـی ئەیلوولی 2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی ڕێگەی شێخان- لالش لە سنووری دهۆک، بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێک لە داخوازییەکانی دەیان ساڵەی خوشک و برا ئێزدییەکان کەمکردنەوەی قەرەباڵەغیی و جەنجاڵیی ڕێگەی شێخان- لالش بوو.

پارێزگاری دهۆک دەڵێت: دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت لەچەند مانگی ڕابردوودا بۆ ئەو دەڤەرە، پرۆژەیەکی گرنگی دانا، هەر لەوکاتە سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا بە دروستکردنی جووتسایدێک بۆ ئەو دەڤەرە ئەمڕۆش بڕیارەکەی جێبەجێ کرد.

دەشڵێت: ئەو ڕێگەیە خزمەتێکی زۆر بە خوشک و برا ئێزدییەکان و زیارەتکارانی ئەو دەڤەرە دەگەێنێت، ئەوەش نیشانەی گرێدانی پێکەوەژیانە.

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش دا، شارۆچکەی شێخان لەسەردەمی کابینەی نۆیەم، بە خەمخۆریی سەرۆک وەزیران و بایەخدان بە خزمەتگوزارییەکان، بە کۆی گشتیی هەزار و 314 پڕۆژە  بە گوژمەی دوو ترلیۆن و  190 ملیار دینار، لە پارێزگای دهۆک کراوە. پرۆژەی دیکەی لە کەرتی تایبەت 65 پرۆژەن بە گوژمەی ترلێۆنێک و 89 ملیار دینار.

عەلی تەتەر گوتیشی: لە کۆی گشتیی پرۆژەکانی دهۆک بەشی شێخان 161 پرۆژەیە، بە گوژمەی 196 ملیار و 587 ملیۆن دینار لە شارۆچکەی شێخان خەرج کراوە لەو 161 پرۆژەیە  126 پرۆژە کەتووەتە خزمەتی هاووڵاتییان و 15 پرۆژەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت و 20 پرۆژەی دیکەش لە قۆناغی تەندەرین بە ماوەیەکی کەم کاری تێدا دەکرێت.

عەلی تەتەر ڕاشیگەیاند "لە شارۆچکەی شێخان زۆرترین گوند هەیە وەک لە شارۆچکەی ئامێدی، بەو پێیە ئێمە لە ماوەکانی ڕابردوودا بڕیارمان دا زیاتر خزمەتی گوندەکان بکەین، لەو ڕووەشەوە درێغیمان نەکردووە".