سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کارگەی سلیڤانای لە زاخۆ کردەوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کارگەی سلیڤانای لە زاخۆ کردەوە
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کارگەی سلیڤانای لە زاخۆ کردەوە

ئەمڕۆ شەممە، 21-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا کارگەی سلیڤانای بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە زاخۆ، کردەوە. 

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا پرۆژەکەی بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و ڕایگەیاند: کردنەوەی کارگەی سلیڤانا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لەلایەن کەرتی تایبەتەوە و بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان دروست کراوە.  

سەرۆک وەزیران هیوای خواست، لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەرتی تایبەت خزمەتی زیاتری جووتیارانی زاخۆ و ناوچەکانی دیکە بکات و کارگەی زیاتری بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دابمەزرێنن.

کابینەی نۆیەم وەکو ئەوەی بارزانی باسی کرد "هەوڵی داوە بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک بدات، "بۆیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چی وەکوو حکوومەت، یان بە هاوکاریی کەرتی تایبەت، چەندین پرۆژەی کشتوکاڵیمان جێبەجێ کردوون و ژمارەیەک سایلۆمان کردوونەتەوە".

 

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر ڕۆژە و سەردانی ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات و بەردی بناغەی پرۆژەیەکی کشتوکاڵی دادەنێت. سەرۆکوەزیران بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەم، پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە و بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی جووتیاران.

پێش زیاتر لە چوار ساڵ، جووتیاران نائومێد بوون چونکە  بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا، ساغ نەدەبووەوە. هاوکات ئەمەش هۆکار بوو بۆ کەمبوونی بەرهەم. ئەوەی هەش بوو، بەشی پێداویستی ناوخۆیی نەدەکرد و کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراویش وایکردبوو، بەرهەمی خۆماڵی خواستی کەمتر لەسەر بێت. بۆیە جووتیاران ناڕازی بوون و بەرهەمەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێ دەدا.

بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەهۆی پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەران، قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8%ـەوە بۆ زیاتر لە 9%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 175 پرۆژەی کشتوکاڵی لە شار و شارۆچکە جیاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە جێبەجێ کراون. لەو چوارچێوەیەدا، نزیکەی 25 هەزار بیری ئاو هەڵکەندراون.