لە بەغدا کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەری لەسەر ئاسایشی تەندروستی بەڕێوە دەچێت
یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024، یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەڕێوە دەچێت و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و بەشداریی 27 ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم لە بەغدان و بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.
کۆنفرانسەکە، بۆ دوو ڕۆژ 22 و 23ی ئەیلوولی 2024 بەردەوام دەبێت و وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتارێک لە بارەی تەوەرەکانی بواری تەندروستی هەرێم پێشکەش دەکات.
بە گوێرەی کارنامەی کۆنفرانسەکە، جیا لە بەرپرسانی باڵای عێراق و شاندی هەرێمی کوردستان، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، یونیسێف و چەند ڕێکخراوێکی دیکەی نێودەوڵەتی بەشدار دەبن.