كاتی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسل ئاشكرا دەكرێت

K24 – هه‌ولێر

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی دژی داعش رایگه‌یاند له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2016 ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ ده‌ستپێده‌كات.

جەنەرال ستیڤن تاونسند، فەرماندەی نوێی ھاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش لە دیدارێكیدا لەگەل رۆژنامەی ووڵ ستریت جۆرنال، ئاشكرای كرد، ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆلكردنەوەی شاری موسل لە مانگی  تشرینی یه‌كه‌می داھاتوو دەستپێدەكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆژه‌كه‌ی ئاشكرا بكات.

لەلایەكی دیكەوە گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەولەتی رایگەیاند، ئەمریكا 400 سەربازی دیكە بۆ عێراق رەوانە دەكات، كه‌ لە كاتێكدایە ھاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا و ھێزە عێراقیەكان دوا ئامادەكاری دەكەن بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسل.