عەباس ئەکرەم: تا ئێستا هیچ کێشەیەک لە سیستەمی زانکۆلایندا نییە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕاگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی کاراکردنی سیستەمی زانکۆلایندا، تا ئێستا هیچ کێشەیەک لە سیستەمەکەدا نییە و هیچ قوتابییەکیش سکاڵای نەکردووە.
یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سیستەمی زانکۆلاینەوە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە ماوەی دوو ڕۆژی کاراکردنی زانکۆلایندا، تا ئێستا هیچ کێشەیەک بۆ سیستەمەکە دروست نەبووە و، هیچ قوتابییەکیش نەهاتووەتە وەزارەت سکاڵای هەبێت لە سیستەمەکە.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، داوا لە قوتابییان دەکات بە ڕاوێژکردن لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی شارەزا فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە و ڕوونەکەنە هیچ سەنتەرێکی بازرگانی. وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، وەزارەت بەرپرس نابێت لە هەر هەڵەیەک لەکاتی پڕکردنەوەی فرۆڕمی زانکۆلاین لە سەنتەرە بازرگانییەکان.
هەینی 20ـی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، پرۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچووانی پۆلی 12 ئامادهیی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست پێدەکات و لە ڕۆژی شەممەوە ڕێکەوتى 21ـی ئەیلوولی 2024 سەعات 12ـی نیوەڕۆ، زانكۆلاین بۆ ماوەى (10) ڕۆژ کارە دەکرێت.
وەزارەتەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە بەرپرس نابێت لە هەر هەڵەیەکی لەکاتی پڕکردنەوەی زانکۆلاین لە سەنتەرە بازرگانییەکان، هاوکات دەڵێت: "هەوڵ بدەن خودى خۆتان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆڕم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا: بڕیارە ئەم مانگە ڕاوندێکی دیکەی خوێندنی باڵا ڕابگەیەندرێت
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوە دا، وا بڕیارە ئەم مانگە ڕاوندێکی دیکە خوێندنی باڵا دەست پێ بکات بۆ ئەو وەرگیراوانەی خوێندنی باڵا کە ساڵی ڕابردوو بە فەرمانی زانکۆیی دواخستنی خوێندنیان بۆ کرابوو، بەهۆی بەردەستنەبوونی ستافی وانەگوتنەوە، سەرپەرشتیار، پێداویستییەکانی دیکەی خوێندن لە زانکۆکان، یان لەسەر داواکاری خۆیان یاخود هەر هۆکارێکی دیکە.
چوارشەممە 21ـی ئابی 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد و گشتاندنی پێ کردووە بۆ سەرجەم زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی وەرگیراوانی خوێندنی باڵا/ دیپلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی خوێندنی (2023-2024) کە دواخستنی خوێندنیان بۆ کرابوو.
لە بڕیارەکەی خوێندنی باڵادا هاتووە، دەسەڵات دەدرێت بە زانکۆکان بە مەبەستی دەستپێکردنی خوێندنی ئەکادیمی ناوبراوان لە سەرەتای ساڵی خوێندنی (2024 – 2025) بەپێی توانای کۆلێژ/ بەشەکان بە مەرجی پەیڕەوکردنی ڕێنمایی سەرپەرشتیکردن و ستافی وانەوتنەوە و هەبوونی تاقیگە و پێداویستییە زانستییەکان، یان دەکرێت سوود وەربگیرێت لە ستافی وانەگوتنەوە و سەرپەرشتیی لە زانکۆ حکوومەتییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی هاوبەشی زانستی نێوان زانکۆکان، یاخود سوودوەرگرتن لە سیستەمی میوانداری.