عیماد جەمیل: کۆمیسیۆن ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە

د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق

سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژرادنەکان لە عێراق ڕایگەیاند، کۆمیسیۆن ئامادەکارییەکانی تەواوی کردووە، هەروەها پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینیش تەواو بووە، لە ماوەیەکی کەمدا کۆمیسیۆن و لیژنەکان ئەو ناوانە ڕادەگەیەنن کە خۆیان هەڵبژاردووە.

دووشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2024، د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە دوا نەکەوتووین لەسەر ڕاگەیاندنی کاتی هەڵمەتی بانگەشەکان، بەڵکو هەندێك هۆ هەبوون بۆ ئەوەی لەبەرچاو بگیرێن بۆ ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ڕابگەیەندرێت.

سەرۆکی تیمی مێدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی ڕابردوو، ئەو ماوەی کە ماوە بەشی ئەوە دەکات کە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت و لە نزیکترین ماوە کاتی فەرمی ڕادەگەیەندرێت، ئەنجوومەنیش بە هەمان شێوە ناوی کاندید و پاڵێوراوەکان دەسەلمێنێت لەلایەن ئەو لیژنە داراییانەی کە کاریان لەسەر دەکەن. لە هەمان کاتدا هەموو ئامادەکارییەکان کراوە و لەکاتی خۆی جێبەجێ دەکرێت و بە سروشتی خۆی بەڕێوە دەچێت.

دەشڵێت: پێشووتریش گۆڕان لە ڕێککەوتەکان کراوە لە درێژکردنەوە بێت یاخود نوێ کردنەوە، پێموایە ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتیدایە.

عیماد جەمیل باسی لەوەش کرد کە پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی تەواو بووە، لە ماوەیەکی کەم کۆمیسیۆن و لیژنەکان ئەو ناوانە ڕادەگەیەنن کە خۆیان هەڵبژاردووە، ئێستە کۆمیسیۆن زۆربەی ڕێکار و کارەکانی تەواو کردووە. بۆ هەڵبژاردنی هەرێم ئامادەیی تەواوی تێدایە تەنیا ئەوەی ماوە ڕاهێنان بە کادێرانی سەر سندوقەکان بکات. بابەتی لۆجستی و سەقامگیریی کاریان لەسەر کراوە.

ڕاشیگەیاند "سبەی کاتژمێر 10ـی بەیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دەبەسترێت، سەرۆکی ئەنجوومەن و سەرۆکی ئیدارە ئامادە دەبن و تەواوی وردەکارییەکان دەخەنە ڕوو و ئامادەکارییەکان نیشان دەدەن وەڵامیشمان دەبێت بۆ ئەو پرسیارانەی کە هەن".

Fly Erbil Advertisment