سوودانی ڤیزای بێ بەرانبەر دەداتە ئەو لوبنانییانەی دێنە سەرسنووری عێراق

ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیران ڕێنمایی بۆ درێژکردنەوەی ڤیزای هاتنە ناوەوەی لوبنانییەکان دەر کرد کە لە عێراقن بەبێ ئەوەی پێویست بکات گەشت بکەن بۆ ماوەی 30 ڕۆژ و بەردەوام بێت لە پێدانی ڤیزا بە خۆڕایی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە دێنە دەروازە سنوورییەکانی عێراق.

نووسینگەی سوودانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە گەلی لوبنان پێیدا تێ دەپەڕێت، کە چەند ڕۆژێکە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی تاوانکاری ئیسرائیلییەکان بووەتەوە، بەو هۆیەوە سەرۆک وەزیران، محەممەد شییاع سوودانی ڕێنماییەکانی بەم شێوەیە دەرکردووە کە:-

1- درێژکردنەوەی ڤیزەی هاتنە ژوورەوە بۆ ئەو هاووڵاتیە لوبنانیانەی کە لە عێراقن بەبێ ئەوەی پێویستیان بەوە هەبێت گەشت بکەن بۆ ماوەی 30 ڕۆژ و جارێکی دیکە بۆی درێژ بکرێتەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕگەکانی یاسای نیشتەجێبوونی بیانی ژمارە (76ی ساڵی 2017)، بەهۆی بارودۆخی جەنگی زۆرەملێ کە لوبنان پێیدا تێدەپەڕێت.

2- بەخشینی ئەو هاووڵاتیە لوبنانیانەی کە لە ئێستادا سەرپێچی یاسا دەکەن لەو سزایانەی لە یاسای سەرەوەدا هاتووە.

3- بەردەوام بوون لە پێدانی ڤیزەی هاتنە ژوورەوەی بێ بەرامبەر بە هاووڵاتیانی لوبنانی کە دەگەنە دەروازە سنوورییەکانی عێراق.

Fly Erbil Advertisment