وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا
سبەینێ چوارشەممە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکات و ڕۆژی 15-10-2024 کۆتایی دێت.
سێشەممە، 24-09-2024، دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەمڕۆ کۆ بووەتەوە و لیستی کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کردووە کە ژمارەیان 1191 کەسە.
وەکوو ئەوەی دادوەر عومەر ئەحمەد باسی کرد، بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، سبەینێ چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکات و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستە ڕوو "کۆمیسیۆن هەنگاوی گەورەی بڕیوە لە جێبەجێکردنی خشتەی کارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 20-10-2024 بکرێت".
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: 32 کورسی
2. سلێمانی: 36 کورسی
3. دهۆک: 24 کورسی
4. هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: دوو کورسی
2. سلێمانی: دوو کورسی
3. دهۆک: یەک کورسی
4. هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)