ڕاگەیاندراوێک لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
شەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2024، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئاگاداری جەماوەری خۆشەویستی کوردستان دەکەین کە بەشی هەڵبژاردنی پارتیمان لە چوارچێوەی ئەرکەکانی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە هۆبە و سەنتەری داتا و زانیارییەکانیدا بە پشتبەستن بە شریتی ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی و ژماردنی دەستی دەنگی وێستگەکانی هەڵبژاردن، تەواوی وردەکاری و ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت کە ڕۆژی هەینی ١٨ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ ئەنجامدرا بە سیستمێکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو کۆکردۆتەوە و بەردەستن، بەڵام وەکوو پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان و، پاراستن و ڕێزگرتن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکان دەکەین لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی پارتیمان بۆ دەنگدەرانی تایبەت دووپات بکەینەوە کە بە ڕێژەیەکی بەرز و یەکلاکەرەوە وەکوو هەمیشە باوەڕ و متمانەی خۆیان بە پارتیمان بەخشییەوە، هاوکات هەموو ئەو ژمارە هەڵە و بێ بنەمایانە ڕەتدەکەینەوە کە لایەنێکی سیاسی ناڕاستگۆیانە بۆ چەواشەکردن بڵاویکردوونەتەوە.
پارتیمان پشتئەستوور بە ئەندام و لایەنگران و جەماوەر و خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان، سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنێت و، بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکانی کۆتایی پڕۆسەکە بەهێزترین وەڵام دەبێت بۆ چەواشەکاران.