سلێمانی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن دەکات

سبەی چوارشەممە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 دەبێت و بۆ ئەم ساڵ پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو پێشوازی لە قوتابیان و ساڵی نوێی خوێندن دەکات و لەهەڵمەتێکدا هۆشیاری زیاتر بە قوتابیان دەدات بۆ ئەوەی لە ماددە زیانبەخشەکان دوور بکەنەوە.

بەناز ڕەمەزان بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: بۆ جێبەجێکردنی هەڵمەتەکە چەند تیمێکیان لە سنووری پەروردەی ڕۆژئاوا پێکهێناوە کە ژمارەیەک بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیش تێدا بەشدارن و پەیام و پۆستەری تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی قوتابیان جیا لە نێو قوتابخانەکان، لە کۆڵان و شوێنە گشتییەکان هەڵدەواسن، بۆ ئەوەی ژیان و گیانی قوتابیان و نەوەی داهاتوو پارێزراو بێت.

گوتیشی: هەموو پەیام و دروشمەکان بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتوون بۆ ئەوەی هەم لە ماددە زیانبەخشەکان دوور بکەونەوە، هەم لە سەرەتای وەرزی خوێندنیشەوە ناوەندەکانی خوێندن و فێرکردن لە کێشە و گرفتەکان بپارێزن و کۆنترۆڵیان بکەن.

ئەو پەیام و پۆستەرانەی لەم هەڵمەتەدا هەڵدەواسرێن تایبەتن بە هۆشیارکردنەوەی قوتابیان و دوورکەوتنەوەیان لە جگەرەکێشان، ڤەیپ، خواردەنەوە کحولییەکان و هەموو ئەو ماددانەی دیکەی زیانبەخش بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن و شیرازەی کۆمەڵگە تێکدەدات.

Fly Erbil Advertisment