رووماڵ

بزووتنەوەی گۆڕان بەشداریی هەڵبژاردن دەکات

لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان
لۆگۆی بزووتنەوەى گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرنامەکەی بۆ بانگەشە ڕادەگەیەنێت.

سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانیی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-09-2024، ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەکە کۆ بووەتەوە و بڕیاری بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی داوە.

کوردستان24 زانیویەتی، کۆبوونەوەکە کە لەگەڵ کۆمەڵێک ئۆرگان کراوە، تێیدا "دانانی میکانیزمی بانگەشەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" تاوتوێ کراوە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان و پەیج و ماڵپەرەکانی؛ چەند ڕۆژێکە دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە؛ بەڵام لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرنامەی سیاسیی بزووتنەوەکە بۆ بانگەشە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەمڕۆ چوارشەممەوە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی شەممە، 21-09-2024، ژمارەیەک ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان داوایان کرد پرسی بەشداریی یان بەشداریی نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری لەسەر بدرێت.

بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی 2018 بەڕێوە چوو، 12 کورسیی پەرلەمانی بە دەست هێنا. 

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێک هێندراوە. ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە، گۆڕان بەشداریی لە دەرکردنی زۆرینەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.