رووماڵ

یۆنامی داوای بانگەشەیەکی هێمنانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

یۆنامی
یۆنامی

K24 – هەولێر:

یۆنامی جەخت لە ژینگەیەکی ئارامی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ ئەوەی دەنگدەران بتوانن بە هۆشیارانە دەنگ بدەن.

نوێنەرایەتیی ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکان، ناسراو بە یۆنامی ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و تیایدا دەڵێت: جەخت لە ژینگەیەکی ئارامی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە بۆ ئەوەی دەنگدەران بتوانن  هۆشیارانە دەنگ بدەن.

یۆنامی لە پەیامەکەیدا داواش دەکات؛ کاندید و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی کراوە بەدرێژای هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە ژینگەیەکی پارێزراو دابین بکرێت و پێشوازیی لەهەموو کاندیدان بکرێت بەتایبەتی ئافرەتان، چونکە زۆرجار ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

یۆنامی لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سووربوونی خۆی نیشان دەدات بۆ هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و ڕوون کە ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵک بێت.

دوێنێ سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024 کاتژمێر 12ـی شەو، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.