رووماڵ

لە 24 کاتژمێری بانگەشەی هەڵبژاردندا 10 سکاڵا تۆمار کراون

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لێژنەیەک لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان چاودێریی پێشێلکاریەکان دەکات، گوتیشی: لە 24 کاتژمێری بانگەشەدا 10 سکاڵا تۆمار کراون.

نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لێژنەیەکمان لە دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە ئۆفیسەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک  داناوە، کە ئەو لێژنانە ڕۆژانە چاودێریی ئەو پێشێلکارییانە دەکەن، کە لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

گوتیشی: لە وەتەی بانگەشە دەستی پێ کردووە، 10 سکاڵا لەسەر پیشێلکاریەکان تۆمار کراون. چوار سکاڵا لە سلێمانی بووە و چوار سکاڵاش لە هەولێر، دوو سکاڵاش لە دهۆک تۆمار کراون.

نەبەرد عومەر باسی لەوەش کرد، سکاڵاکان پەیوەستن بە بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام ئێمە لێژنەمان هەیە سکاڵاکان وەردەگرن و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن، سەبارەت بە ڕێکارەکانی کۆمسیۆن سێ جۆر سزادان هەیە، کە جۆرێکیان پێبژاردنە لە 500 هەزار دینار دەست پێ دەکات تاوەکو 50 ملیۆن دینار، جۆرێکی دیکە زیندانیکردنە کە لە مانگێک دەست پێ دەکات تاوەکو ساڵێک، هەروەها جۆری سێیەم دوورخستنەوەی کاندیدەکەیە، کە ئەوانە لە ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاری لەسەر دەدرێت.

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، ئەو ڕێکار و ڕێنماییانەی بەهاوئاهەنگی لەگەڵ شارەوانییەکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاو کراونەتەوە چەند خاڵێکن، کە نابێت لایەنەکان و کاندیدانی لایەنەکان و کاندیدانی سەربەخۆ ئەو سەرپێچییانە بکەن، بۆ نموونە نابێت قوتابخانە و مزگەوت و فەرمانگە حکوومەیەکان و کەنیسە و شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشە بەکار بهێنرێت، هەروەها نابێت ناوزڕاندن بکرێت، یان پۆستەری یەکتر بدڕێنن، ئەوانە هەمووی بەسەرپێچی ئەژمار دەکرێن.

دەشڵێت: ئەوەی پێشێلکارییەکە دەکات سێ ڕۆژی بۆ دیاری دەکرێت دەبێت لەو ماوەیە لای بدات، ئەگەر لای نەدات، کۆمسیۆن لای دەدات و تێچووکەش کاندیدەکە دەیدات.

ڕۆژی سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024، کاتژمێر 12ـی شەو، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.