کاندیدە ئافرەتەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەکرێنە ئامانج
K24 – سلێمانی:
زۆرجار لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاندیدە ئافرەتەکان دەکرێنە ئامانج، لە سۆشیال مێدیا هێرشی ناڕەوایان دەکرێنە سەر و باس لە کەسایەتی و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکرێت. یان وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانیان دەشێوێنرێ.
سەرجەم ئافرەتەکان کاندیدى لایەنە جیاوازەکانن بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، ئەوان مەبەستیانە بە دەنگى دەنگدەران بچنە پەرلەمانى کوردستان و بەرگریی لە مافەکانى خۆیان بکەن، بەڵام هەندێک کات بەشێک لەو ئافرەتانەی کاندید کراون، ڕووبەڕووى ناوزڕاندن دەبنەوە.
نیان عومەر، کاندیدى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بێگومان کاریگەری نەرێنی زۆر زۆر هەبووە و بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لەئافرەتان لەماوەی ڕابردوو ئێستاشدا خۆیان نەدەن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا دەست براوە بۆ شێواندنی وێنەی ئافرەتان و وێنەیان بەشێوازێکی ناشیرین بڵاو کراوەتەوە وێنەیان لەسەر دروست کراوە.
یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی ئەوەیە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی سیاسی وەک بانگەشەی هەڵبژاردن، هەمووان ڕێز لە یاسا، شکۆ و کەسایەتی یەکتر بگرن بۆیە دەبێت لەو کاتانەدا لایەنەکان، کاندیدەکان و ئەندامانی حزبەکان دیوێکی جوانی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان نیشانی ناوخۆ و جیهانی دەرەوە بدەن.
لای خۆیەوە سابیر عەبدوڵڵا، چالاکوانى بوارى مافەکانى مرۆڤ، بە کوردستان24ـی گوت: ئەمە خۆی بۆ خۆی جۆرێک لە عوقدەی دەروونی دروست دەکات، جۆرێک لە ترس دروست دەکات. بۆ ئەوەی کە کاندیدی ئافرەت دووربکەوێتەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و خۆ کاندید کردن بەداخەوە ئێمە ئومێد دەخوازین ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و ڕەفتارە بە شێوەیەکی گشتی ئێمە لێی دوور بین.