بە بڕیاری سەرۆک وەزیران تۆڕی ئاو بۆ هەشتی حەسارۆک دادەنرێت
"خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک سوپاسی سەرۆک وەزیران دەکەن"

نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دەڵین: ماوەی 22 ساڵە ئێمە گرفتمان هەیە، هیچ کابینەیەکی حکوومەت کارەکانی ئێمەیان جێ بەجێ نەکردووە، بەڵام سەرۆک وەزیران بە مەیدانی هات و گیروگرفتەکانی ئێمەی چارە کرد.
نوێنەرانی خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامی خۆیان بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نارد و گوتیان "بەناوی خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکان کە زۆرینەیان خەڵکی هەژار و کرێچی و پێشمەرگە و فەرمانبەرن، کە دەیانەوێت ڕزگارییان بێت لە کرێچییەتی زۆر سوپاسی کاک مەسرور بارزانی دەکەین".
ئاماژەی بەوەش کرد "بۆیە ئەمڕۆ بە پێویستمان زانی سوپاسی تایبەت بنێرین بۆ جەنابی کاک مەسرور بارزانی، کە وەک یەکەمین سەرۆک وەزیران، مەیدانی هاتە سەر زەوییەکانمان و هەر لەوێ بەڵێنی دا هەموو گیروگرفتەکان چارە بکرێت، گوتی دەبێت بکرێتە یەکێک لە گەڕەکە مۆدێرن و جوانەکانی هەولێر، کە ئەم بریارە خاوەن زەوییەکانی دڵخۆش کرد".
گوتیشی: "ئێمە زیاتر لە 20 ساڵە هاوار دەکەین، سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانە ناوخۆی دەرەکییانە ئەم کابینەیە هەموو ئەو گیروگرفتانەی چارە کرد".
دەشڵێت: ماوەی 22 ساڵە ئێمە گرفتمان هەیە، ئەو هەموو کابینە و وەزیرانەی گۆڕاون، هیچیان بۆ نەکردووین، بۆیە ئەم کابینەیە بە فریادڕەسی خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکان دەزانین.
باسی لەوەش کرد "دوو رۆژ لەمەوبەر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بریاری دانانی تۆڕی ئاوی هەشتی حەسارۆکانی دا، کە ئەمەش هەر بۆ کابینەی نۆیەم دەگەڕێتەوە".
گوتیشی: دابەش دوو و کردنەوەی کۆڵانەکان و جیاوازکردنەوەی زۆنەکان زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە. کە بەوهۆیەوە نرخی زەوییەکانیش بەرز بووەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 2021/5/12 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکی لە شاری هەولێر کرد.
دوای ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر ، ڕوونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی کێشە و گرفتەکانی ئەو زەويیانە بۆ سەرۆکی حکومەت خستەڕوو ، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، موژدەی بە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ، کێشەکانیان چارە دەکات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن دەکرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەست پێ دەکات .
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە ، لە شوێنەکانی تریش کێشەی هاوشێوە چارەسەر بکەن و خزمەتگوازریی پێ بگەیەنن، بۆ ئەوەی لە کاتێکی زوودا ، ئاوەدانیی لەو شوێنانە دەست پێ بکات.