رووماڵ

هاووڵاتیان: هەڵبژاردنی ئەم جارە چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەیە

گەنجان بە هیوایەکی زۆرەوە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستانن دەڕوانن و دەڵێن: کاندیدانی ئەمجارە دەتوانن گۆڕان بکەن.

بچیتە نێو هەر دانیشتنێکی بە کۆمەڵی هاووڵاتییان، باس باسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە. هاووڵاتییان ڕا و لێکدانەوەی جیاوازیان لەبارەی گرنگیی هەڵبژاردنەکە هەیە؛ بەشێکیان پێیان وایە دەبێت حکوومەتی داهاتوو زیاتر خزمەت بکات و ئاوەدانکردنەوەی شار و شارۆچەکان بەردەوام بێت. بەشێکی دیکەشیان بە "هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز" ناوی دەبەن.

هاووڵاتییەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێویستە ئەو کاندیدانەی لە هەڵبژاردنەکە دەردەچن، خەڵک لەبیر نەکەن و خزمەتیان بکەن. دەبێت ئەوەی ئێستە لە کاتی بانگەشەکەیاندا دەیڵێن، سبەینێ بیکەنە کردار".

بە گوتەی هاووڵاتییەکی دیکە، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان "چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەیە" بۆیە داوا دەکات بە شێوەیەکی "مەدەنییانە، دیموکراسییانە، ڕێکوپێک و دوور لە پێشێلکاریی و ساختەکاریی" بەڕێوە بچێت.

گەنجان، ئەمساڵ بایەخێکی زیاتر بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن و بە هیوایەکی زۆرەوە بۆ ئاییندە دەڕوانن؛ هەروەها بە پێویستی دەزانن کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخەکی زیاتر بە لاوان بدات.

گەنجێک دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵییە کە دەبینین ژمارەیەکی زۆری کاندیدان، گەنج، لێهاتوو و ئەکادیمین؛ دڵنیام لەوەی دەتوانن هەرێمی کوردستان بەرەوپێش ببەن. کاندیدانی ئەم جارە، لەگەڵ ئەم سەردەمە دەگونجێن، دەتوانن گۆڕان بکەن.

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەیانیی چوارشەممەوە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

کۆمیسیۆن دەستەیەکی تایبەتی بۆ چاودێریی بانگەشەی لایەن و کاندیدە سەربەخۆکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێک هێناوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو لایەنانەی سەرپێچی ڕێنماییەکانیان دەکەن، بە چەندین شێوازی جیاواز سزا دەدرێن تا دەگاتە دوورخستنەوەی یەکجارەکی لە پرۆسەی هەڵبژاردن.

دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش؛ ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.