سەرۆک وەزیران و باڵیۆزی ڕووسیا: پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوور لە پێشێلکاریی بێت
ئەمڕۆ دووشەممە، 30-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی گفتوگۆکاندا، باس لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی پرۆسەکە لە کەشێکی ئارام و دوور لە پێشێلکاریی کرایەوە".
پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.