کەنعانی: هیچ تاوانێکی ئیسرائیل بێ وەڵام نامێنێتەوە

ناسر کەنعانی- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی- وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت: جێگری پزیشکیان و میقاتی گفتوگۆیان کردووە و هیچ تاوانێکی ئیسرائیل بەبێ وەڵام نامێنێتەوە.

کەنعانی، ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئەیلوولی 2024، لە کۆنفرانسی هەفتانەی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دوایەی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئێران، ڕایگەیاند "دەبێت هەموو کەسێک لە بەرانبەر ئاسایشی گەلی ئێراندا هەڵوەستە بکات و ئیسرائیلیش وەڵامی خۆی بەرانبەر بەو سەرکێشیانەی دەیان کات، وەردەگرێتەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە قسەکانیدا هەڵیکوتایە سەر ئەمەریکا و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە و گوتی: ئەمەریکاش لەو هەموو تاوانکارییەی دەکرێت هیچ دەستکەوتێکی نابێت و ناشتوانێت ئەو شکستەی چەندین ساڵە لە ناوچەکە پێی کەوتووە، قەرەبوو بکاتەوە.

هەروەها ئاماژەی داوە "جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران، لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان بە تەلەفۆن قسەی کردووە بۆ ئەوەی هەرچی زووە بەرنامەی کاری هاوبەش بخرێتە نێو کۆبوونەوەکانی ئێران – لوبنان و تاوەکوو هەنگاوی جیددی لە بارەی دۆخی لوبنان بگیرێتەبەر".

کەنعانی گوتیشی: بەردەوام دەبین لە هەوڵە سیاسی و یاساییەکانمان و دڵنیایی دەدەین، هیچ کام لە کردەوە و تاوانانەی ئیسرائیل کردوونی بێ وەڵام نامێنێتەوە و ئێران ڕێوشوێنی گونجاو و یەکلاکەرەوە دەگرێتەبەر.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: ئێران شەڕخواز نییە، تەنیا بۆ ئاشتی و ئاسایشی خۆی هەوڵ دەدات، بەڵام هیچ کاتێک بەرانبەر بە پەلاماردانی بەرژەوەندیی و ئاسایشی نیشتمانی خۆی دەستەوەستان نابێت.

لە قسەکانیدا، ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی گرت و گوتی: دڵنیاین وڵاتانی ئیسلامی توانایەکی گەورەیان بۆ سزادانی ئیسرائیل هەیە، بەڵام خۆیان لەو هەڵوێستە بواردووە و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەیتوانیوە بەربەستێک لەبەردەم ئیسرائیل دابنێت.