رووماڵ

پشتیوان سادق: دوای هەڵبژاردن حکوومەتێکی سەرتاسەریی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکەین

بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێک لە دروشمەکانی هەڵبژاردن لای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئارامییە، بەڵام بەداخەوە دروشمی حزبەکانی دیکە هەموو سەربازییە.

د. پشتیوان سادق، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکێک لە دروشمەکانی هەڵبژاردن لای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئارامییە، ئێمە بڕوامان بە ئایندەی گەش بۆ خەڵکی خۆمان وڵاتی خۆمان هەیە. دەشڵێت: بەداخەوە دروشمی حزبەکانی دیکە هەموو سەربازییە.

گوتیشی: بڕوامان بەوە هەیە دوای هەڵبژاردن حکوومەتێکی سەرتاسەریی لە هەرێمی کوردستان دروست بکەین، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لەو دۆخەی لە هەندێک شوێن هەیە، ڕزگاری بێت. ئاماژەی بەوەش دا "لە ڕابردوودا لە سلێمانی، ڕێگری هەبووە لەوەی حکوومەت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، بۆیە دەبێت بە هێمنی بانگەشە بەڕێوە بچێت".

پشتیوان سادق باسی لەوەش کرد، وتارەکەی سەرۆک بارزانی کاریگەریی زۆری هەبووە، چونکە لای ئەو هەموو لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان وەکو یەکن، بەلام ئەگەر سەیری وتاری کەسی یەکەمی حزبەکانی دیکە بکەین، هەمووی سەربازی و بێسەروبەری پێوە دیارە.

ڕۆژی سێشەممە 24ـی ئەیلوولی 2024 کاتژمێر 12ـی شەو، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی دەستی پێ کرد.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.