رووماڵ

مەسرور بارزانی: لەم هەڵبژاردنە گەورەترین سەرکەوتن بە دەست دەهێنین

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "گەورەترین سەرکەوتن" بەدەست دەهێنن.

چوارشەممە، 02-10-2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابییان، لاوان و ئافرەتان لە شاری هەولێر، لە گوتارێکدا ڕایگەیاند "بە دەنگەکانی ئێوە، خوا یار بێت، لەم هەڵبژاردنە گەورەترین سەرکەوتن بە دەست دەهێنین".

وەکوو ئەوەی جێگری سەرۆکی پارتی باسی کرد، هەندێک لایەنی سیاسیی بەردەوام هەوڵی داوە لاوانی هەرێمی کوردستان "بێ ئومێد بکەن، پارتی هاتووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیوا بۆ لاوانی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە".

مەسرور بارزانی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستانی بە "چارەنووسساز" ناوبرد و داوای کرد، بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەدەنییانە و دیموکراسییانە بەڕێوە بچێت.

بە گوتەی مەسرور بارزانی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەری دەخات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چ حزبێک و بڕیارێکن. باسی لەوەش کرد، هۆکاری ئەوەی پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکان یەکەم بووە، ئەوەیە کە "پارتی ئەم ئەزموونەی دروست کردووە و پارتیش ئەم ئەزموونە دەپارێزێت".

پارتی، وەکوو مەسرور بارزانی باسی کرد "بە تەنیا زۆر دەستکەوتی هەبووە، بەڵام هیچ لایەنێکی دیکە بەبێ پارتی نەیتوانیوە دەستکەوتی هەبێت".

جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: نەمانویستووە خەڵک لە ئێمە بترسێت، نەمانویستووە بە چاو سوورکردنەوە خەڵک لە دەوری خۆمان کۆ بکەینەوە؛ دەمانەوێت بە خۆشەویستی و ڤیان، خەڵک پارتیی خۆش بوێت". دووپاتیشی کردەوە "ئێمە قەت شەڕخواز نەبووین و هەمیشە داوای ئاشتیمان کردووە و ویستوومانە بە ئاشتی و پێکەوە کارکردن کوردستان بەرەوپێش ببەین".

مەسرور بارزانی بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی گوت: بۆ بانگەشە بێت یان بۆ هەر مەبەستێکی تر، کە پەلاماری پارتی دەدەن، سنووری خۆتان بزانن، چونکە سبەینێ دێنەوە لامان؛ بایی ئەوەندەی تێدا بهێڵنەوە کە لێتان ببوورین.