پزیشکێکی کورد لەسەر ئاستی عێراق دەبێتە باشترین لێکۆڵەر

دکتۆر نەوفەل ڕەشید حوسێن، پسپۆری نەخۆشییە گوازراوەکان و ڕاگری کۆلێژی پزیشکی زاخۆ
دکتۆر نەوفەل ڕەشید حوسێن، پسپۆری نەخۆشییە گوازراوەکان و ڕاگری کۆلێژی پزیشکی زاخۆ

K24 – هەولێر:

پزیشکێکی کورد کە پسپۆرییەکەی نەخۆشییە گوزاراوەکانە و ڕاگری کۆلێژی پزیشکییە لە زاخۆ، دەبێتە باشترین لێکۆڵەر لە پسپۆرییەکەی خۆی لەسەر ئاستی عێراق و لە ڕیزبەندی یەکەم دێت.

بەپێی ریزبەندی وێبسایتی (AD scientific  index) دکتۆر نەوفەل ڕەشید حوسێن، پسپۆری نەخۆشیە گوازراوەکان و ڕاگری کۆلێژی پزیشکی زاخۆ، دەبێتە باشترین لێکۆڵەر لە پسپۆری نەخۆشییە گوازراوەکاندا و لە سەر ئاستی عێراق لە ڕیزی یەکەم دێت و لەسەر ئاستی جیهانیش لە ڕیزی 232 دێت.

"بەرز و بڵند بێت ناوی وڵاتەکەم"

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24ـدا، دکتۆر نەوفەل ڕەشید رایگەیاند، بەپێ ماڵپەڕی گوگڵ سکۆلار لەسەر ئاستی جیهانی توانیویەتی لە نێوان 1000 لێکۆڵەری نەخۆشییە گوازراوەکاندا ریزبەندی 232 بەدەست بهێنێت و هەروەها لە سەر ئاستی عێراقیش یەکەم بێت.

ئاماژەی بەوەکرد، بە هاوکاری و پاڵپشتی مامۆستا و قوتابییانی کۆلیژی پزیشکی و سەرۆکایەتی زانکۆی زاخۆ توانیتی ئەم پلەی بەدەست بهێنیت.

ناوبراو باس لە ڕیزبەندەکەی دەکات و دەڵێت: ڕیزبەندییەکە بە گوێرەی سێ پێوەر دیاری دەکرێت، ئەویش؛ ژمارەی لێکۆڵینەوەکان، کاریگەری لێکۆلینەوەکە لە هەموو جیهان و سێیەمیش ژمارەی بەکاهێنانەوەی لێکۆڵینەوەکان.

ئەو پزیشکە ئەوەش خستەڕوو، بە پشتیوانی بەردەوامی حکوومەتی خۆجێیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و زانکۆی زاخۆ  توانیویەتی ئەم سەرکەوتنە گەوەرەیە دووبارە تۆمار  بکات و پەیمانیش دەدات هەموو کات لەبواری زانستی و لێکۆڵینەوەدا پێشەنگ بێت و سەرکێشی پێشکەوتنەکانی کوردستان بێت.

د

ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە، کە ناوچەی بادینان بە گشتی و بە تایبەتی زاخۆ شوێنی خەبات و هونەر و زانست و داهێنانەکانە،  ئەم دەستکەوتە مەزنە بەرهەمی کۆلیژی پزیشکی زاخۆ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی خۆشەویستە. 

دکتۆر نەوفەل ڕەشید حوسێن تا ئێستا زیاتر لە 229 لێکۆڵینەوەی ئەنجام داون کە زۆربەیان لە زانکۆی زاخۆ بوون بە هاوکاری پزیشیک و قوتابییانی زانکۆی دهۆک، هەروەها لێکۆڵینەوەکانی ناوبراو زیاتر لە 7300 جار لە هەموو جیهان بەکار هاتوون .

گوگڵ سکۆلار بەشی گەڕانی گوگڵە بۆ بڵاوکراوەی زانستی، لە دنیای توێژینەوەدا چەندین جێگای دیکە هەن کە زانایان و توێژەرەکان بڵاوکراوەکانی خۆیان تێدا بڵاو دەکەنەوە، ئەم خزمەتگوزارییەی گوگڵیش تایبەتە بە گەڕان بەناو ئەو بڵاوکراوانەدا و هەروەها گەڕان بەناو "پاتێنت" (patent)ـی داهێنانە جیاوازەکانی بوارە جیاوازەکاندا.