لە سوریا به‌ ده‌یان كه‌س پاش رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و روسیا كوژراون

K24 – هه‌ولێر

پاش رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و روسیا سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سوریا و راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست به‌ ده‌یان كه‌س له‌ حه‌له‌ب و شوێنه‌كانی دیكه‌ی سوریا كوژران.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، سه‌نته‌ری میدیای حه‌له‌ب رایگه‌یاند له‌ هێرشی رۆژی شه‌ممه‌ 45 كه‌س كوژراون كه‌ ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێك پاش رێككه‌وتنی نوێی ئه‌مریكا و روسیا سه‌باره‌ت به‌ كۆتایهێنانی توندوتیژی له‌ سوریا بووه‌.

روانگه‌ی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگه‌یاند 30 كه‌س له‌ پارێزگای حه‌له‌ب و 39 كه‌سی دیكه‌ له‌ پارێزگای ئیدلب به‌هۆی هێرشه‌ هه‌واییه‌كان كوژراون.

به‌پێی رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و روسیا، بڕیاره‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ به‌ رۆژئاوابوون، ئاگربه‌ست له‌ سوریا جێبه‌جێ بكرێت كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ جه‌ژنی قوربان. به‌ڵام ئاگربه‌سته‌كه‌ رێكخراوی داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ به‌خۆوه‌ ناگرێت كه‌ ده‌بنه‌ ئامانجی هاوبه‌شی ئه‌مریكا و روسیا.

له‌ ئاگربه‌سته‌كانی پێشوو هه‌ردوو لایه‌نی سوریا، حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆن، چه‌ندینجار ئاگربه‌ستیان پێشل كرد.

حكومه‌تی سوریا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دوایین ئاگربه‌ست داوه‌ كه كۆتایی به‌‌ شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كانی حه‌له‌ب دێنیت.

ئاژانسی سانا رایگه‌یاند رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و روسیا به‌ ئاگاداری و ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی سوریا بووه‌.