30 هه‌زار سه‌رباز به‌شداری شه‌ڕی موسڵ ده‌كه‌ن
500 راوێژكاری ئه‌مریكی گه‌یشتوونه‌ته گه‌یاره
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "تایمز" له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كانی رزگاركردنی موسڵ له ده‌ست چه‌كدارانی داعش بڵاویكردووه‌ته‌وه كه سه‌دان سه‌ربازی ئه‌مریكی گه‌یشتوونه‌ته عێراق، بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی كردن له پرۆسه‌ی رزگاركردنی شاری موسڵدا كه یه‌كێكه له‌و شاره گه‌ورانه‌ی عێراق كه تا ئیستا له ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعشدا ماوه له‌وه‌ته‌ی له حوزه‌یرانی 2014ده‌ستیان به سه‌ردا گرتووه، و ئاماده‌كارییه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ده‌ستپێكردنی شه‌ره‌كه نزیكه.
له راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی "تایمز" دا باسی ئه‌وه كراوه كه "500" راوێژكاری سه‌ربازی ئه‌مریكی له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا گه‌یشتوونه‌ته بنكه‌ی سه‌ربازی گه‌یاره، كه نزیكه‌ی 64 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته باشوری شاری موسڵه‌وه.
رۆژنامه‌كه له زاری به‌رپرسانی عێراقی گواستووه‌ته‌وه كه ئاماده‌كاریی كراوه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته "30" هه‌زار سه‌ربازی عێراقی ئاماده‌ن كه به‌شداری له هێرشه‌كه‌دا بكه‌ن.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به قسه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه كه رایگه‌یاندبوو ئاماده‌كارییه‌كان به شێوه‌یه‌ك كراون و ته‌واو بوون كه ده‌توانرێت پێش كۆتایی ئه‌م ساڵ شاره‌كه له ده‌ست داعش رزگار بكرێت.
په‌یامنێری رۆژنامه‌كه به ناوی " كوگلان" كه راپۆرته‌كه‌ی نوسیووه له زمانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌ڵێت"بارزانی گوتوویه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی زۆر له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقیدا كراوه و له كۆتاییدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر پلانی سه‌ربازی و رۆڵی هه‌ر یه‌ك له‌و هێزانه له شه‌ڕه‌كه‌دا كراوه.
راپۆرته‌كه باسی ئه‌وه‌شی كردووه كه یه‌كه‌ی تۆپخانه‌ی فه‌ڕه‌نسیش به ئامانجی پاڵپشتی هێرشه‌كه گه‌یشتوون و فڕۆكه‌كانیشیان له ئاسمانه‌وه به شداری ده‌كه‌ن و له سه‌ر كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری"چارل دیگۆل" وه بۆ پاڵپشتی هێزه‌كان به شدار ده‌بن.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌شكراوه كه له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقی وه‌ك ئاماده‌كاریی چه‌ند مانۆڕێكیان له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاره‌كه ئه‌نجامداوه و به گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته ژماره‌یه‌ك له چه‌كدارانی داعش گواستراونه‌ته‌وه بۆ سوریا.
نوسه‌ری راپۆرته‌كه‌ی "تایمز" له زاری گوته‌بێژی سوپای ئه‌مریكا عه‌قید"جۆن دوریان" وه نوسیوویه‌تی"هێزه‌كانی ئه‌مریكاش كه‌ل و په‌ل و پێداویستییه سه‌ربازییه‌كانی بۆ پاڵپشتی مه‌یدانی ئه‌و شه‌ڕه ئاماده كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكاش چه‌كداره‌كانی داعش ده‌كاته ئامانج و جوڵه‌ی فراوانی ژماره‌ی زۆری چه‌كداره‌كانیان دیاری ده‌كات.
ئه‌و راپۆرته ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه ئاشكرابوونی زانیارییه ئه‌منییه‌كانی داعش كه له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كانی داعش بوون و له‌كاتی كۆنترۆڵكردنی شاری منبج له سوریا كه‌وتوونه‌ته به‌رده‌ست،هاوكاری سوپا ده‌كات له ئه‌ركه‌كانیدا.
رۆژنامه‌كه پێشبینی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌روو كه ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه به‌شداری له شه‌ڕی مانه‌وه‌یان له‌و شاره‌دا ده‌كه‌ن، له نێوان 3 تا 7 هه‌زار چه‌كداربن و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه ده‌مێنێته‌وه كه داعش چه‌كداره‌كانی چۆن ده‌گوازێته‌وه بۆ سوریا.
سه‌رۆكی هۆزێكی عێراقی به ناوی "ئیبراهیم جبوری" به په‌یامنێری رۆژنامه‌كه‌ی گوتووه" شپرزه‌یی و دڵه‌راوكێ له‌وكاته‌وه زیاتر بووه كه ناوچه‌ی "زلوعیه" رزگار كرا،خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌سوكار و نزیكه‌كانیان له ده‌ستداوه،به‌هۆی یاسا و بڕیاره‌كانی داعشه‌وه،ئێستا په‌رتبوون درووست بووه له ناو كۆمه‌ڵگادا،تۆڵه‌كردنه‌وه‌ش هیچ به‌دیناهێنێت ته‌نها مردنێكی تازه نه‌بێت.
نوسه‌ری راپۆرته‌كه ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر داعش موسڵ له ده‌ست بدات، ئه‌وه نیشانه‌ی شكستێكی نوێ و گه‌وره‌ی ئه‌و رێكخراوه‌یه،ئاماژه‌ی به بۆچوونی چاودێرانیش داوه كه ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی به ده‌ستهاتووه نیشانه‌ی شكستی ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكایه له ناوچه‌كه‌دا.