ئۆپه‌راسیۆنی "ئه‌لباب" ده‌ستیپێكردووه‌؟

K24 – هه‌ولێر

میدیاكانی توركیا باس له‌ ده‌نگۆی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچه‌كه‌ی "الباب" له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ به‌شداری سوپای توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیك ل توركیا ده‌كه‌ن.

ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌لباب به‌ سێیه‌مین قوناغی ئۆپه‌راسیۆنی سوپای توركیا له‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ئه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ له‌ جه‌رابلوسه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و له‌ قوناغی دووه‌مدا ناوچه‌ی "الراعی" به‌ خۆوه‌ گرت. ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ له‌ توركیا به‌ ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات به‌ناو كراوه‌ كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی پێشیگرتنه‌ به‌ چوونی هێزه‌ كوردییه‌كان بۆ رۆژئاوای رووباری فورات و پێكه‌وه‌ به‌ستنی هه‌ردوو هه‌رێمی كوبانێ و عه‌فرین، كه‌ به‌ناوی پاككردنه‌وی سنووره‌كان له‌ چه‌كدارانی داعش جێبه‌جێ ده‌كرێت.

هه‌ر به‌پێی میدیاكانی توركیا گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی وه‌ك "نوره‌دین زه‌نگه‌نه‌"، "جیش التحریر"، "لیوای حه‌مزه‌"، "جبهة الشام"، "سوڵتان موراد" و هه‌ندێ گرووپی تر به‌شداری سێیه‌مین قوناغی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتی سوپای توركیا بوونه‌ كه‌ ئامانجیشی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی ئه‌ڵبابی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش دایه‌.

به‌پێی میدیاكانی روسیاش، توركیا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ماوه‌یه‌كه‌ ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی ئه‌لباب.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سوپای توركیا ده‌ستی به‌ تۆپبارانكردنی بنكه‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ كرد و ژماره‌یه‌كی زۆری تانك و زرێپوشیش له‌ گوندی چۆبانبه‌ی جێگیر كردووه‌.