ئاسایشی رۆژئاوا مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵیان كوشت

هەڵیانكوتاوەتە سەر گوندی بانی شكەفتێ

K24 – هەولێر:

ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان تەقە لە ژمارەیەك مێردمنداڵی گوندی بانی شكەفتێ دەكەن و یەكێكیان بە سەختی برینداری دەكەن، و بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانەی شاری دێرك گیان لە دەست دەدات و دەمرێت.

كاتژمێر 9:05 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا هێرشیانكردووەتە سەر گوندی بانی شكەفتێ و لە دەوروبەری گوندەكەدا ویستوویانە لێپرسینەوە لە "5" مێردمنداڵ بكەن كە تەمەنیان لە 16 ساڵ كەمتر بووە،لەو كاتەدا ئەو مێردمنداڵانە رادەكەن لە دەست هێزەكانی ئاسایش،بەڵام یەكێك لە چەكدارانی ئاسایشی رۆژئاوا تەقە لەو پێنج كەسە دەكات و یەكێكیان بە سەختی بریندار دەكات،بەر لەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداووە.

كوژراوەكە ناوی "هانی محەمەد خەنجەر"ە و تەمەنی "15" ساڵە و خەڵكی گوندەكە هەوڵیانداوە بیگەیەننە نەخۆشخانەی دێرك بەڵام لە ڕیگادا كۆتایی بە ژیانی هاتووە.

ئێستاش تەرمی ئەو مێردمنداڵە لەناو نەخۆشخانەكەدایە، بەڵام هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا بەر دەرگای نەخۆشخانەكەیان گرتووە و رێگە نادەن كەسوكاری كوژراوەكە تەرمەكەیان وەربگرنەوە و بە خاكی بسپێرن.

ماوەیەكە هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا هەڵدەكوتنە سەر دانیشتوانی ئەو گوندە و پێش هەفتەیەكیش حەوت كەسیان لە خەڵی ئەو گوندە دەستگیر كرد و پاش چەند رۆژێك مانەوەیان لە زیندان ئازاد كران.

هانی محەمەد خەنجەر ئەو مێردمنداڵە تەمەن 15 ساڵیەی لەلایەن ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانەوە كوژرا