ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

ئاماده‌ن رێژه‌یه‌ك له‌ مووچه‌ی كارمه‌نده‌ پله‌ باڵاكانیان بۆ مامۆستایان و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن ته‌رخان بكه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ وه‌ك هاوكارییه‌ك بۆ مامۆستایان و پرۆسه‌ی خوێندن،رێژه‌یه‌كی گونجاوی مووچه‌ی کارمەندە پلەدارەکانیان بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی هەریم تەرخان بکەن،تا منداڵانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و منداڵانی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان به‌ تایبه‌تی له‌ خوێندن و په‌روه‌رده‌ بێ به‌ش نه‌بن.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستاندا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌"  ئەفسەران و کارمەندانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش، چ راستەوخۆ لە بەرەکانی جەنگ و چ لە ناوەوەی هەرێمدا، گیانیان بەخت کردووە بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە و ڕاگرتنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێم، بۆیە ئێستاش ئامادەن بە رێژەیەک لە مووچەکانیان بەشدار بن لە چارەسەریی بەشێک لە کێشەکانی هەرێم.

هه‌روه‌ها هیوایان خواستووه‌ ‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، هەرچی زووتر  رێکاری موكوڕتر و چاکسازی و گۆڕانکاری پێویست لە حکومەتدا،بگرێته‌ به‌ر و هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی ئەم قەیرانە داراییە، بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەموو لایەک و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها رایانگه‌یاندووه‌" ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان وه‌ك پاڵپشتیه‌كه‌  بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەیەی پێشمەرگە قارەمانەکانی هەرێم لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەکەکانی 70 و 80  کە ئامادەن رێژەیەک لە مووچەکانیان بۆ پاڵپشتی پرۆسەی خوێندن و دابین کردنی مووچەی مامۆستایان تەرخان بکەن.

 

راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

جەماوەری خۆشەویست و خۆڕاگری هەرێمی کوردستان

وەک پاڵپشتی بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەیەی پێشمەرگە قارەمانەکانی هەرێم لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەکەکانی 70 و 80 ، کە ئامادەن رێژەیەک لە مووچەکانیان بۆ پاڵپشتی پرۆسەی خوێندن و دابین کردنی مووچەی مامۆستایان تەرخان بکەن، ئێمەش وەک گشت پێکهاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەین رێژەیەکی گونجاوی مووچەی کارمەندە پلەدارەکانمان بۆ کەرتی پەروەردە و مامۆستایانی هەریم تەرخان بکەین تاکو مناڵانی هەرێم بە گشتی و مناڵانی پێشمەرگە و شەهیدان بە تایبەت لە خوێندن و پەروەردە بێبەش نەبن. ئەفسەران و کارمەندانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایش، چ راستەوخۆ لە بەرەکانی جەنگ و چ لە ناوەوەی هەرێمدا، گیانیان بەخت کردووە بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە و ڕاگرتنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێم، بۆیە ئێستاش ئامادەین بە رێژەیەک لە مووچەکانمان بەشدار بین لە چارەسەریی بەشێک لە کێشەکانی هەرێم. وێڕای ئەمە هیوادارین هەرچی زووتر حکومەتی هەرێم بە گرتنەبەری رێکاری مکوڕتر و چاکسازی و گۆڕانکاری پێویست لە حکومەتدا، هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی ئەم قەیرانە داراییە،بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەموو لایەک و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی.

 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

26/9/2016

Fly Erbil Advertisment