جارێكی دیكە ناوەندی بڕیار و زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبنەوە

K24 – سلێمانی

ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم شاندی باڵی ناوەندی بڕیار و زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانیان كۆدەبنەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی لە زاری حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و یەكێك لە كاراكتەرە سەرەكییەكانی باڵی ناوەندی بڕیار رایگەیاند: "دوای ئەوەی لێژنەیەكی ھاوبەشیان ھەردوولا پێكھێنا و دوێنێ كۆبوونەوە، ئەمڕۆ جارێكی دیكە لە شاری سلێمانی كۆبوودەبنەوە، ئەو لیژنەیە دەیەوێت دەستپێشخەری بكەن بۆ لێك نزیك بوونەوەی ھەردوولا".

راشیگەیاند: "ئەندامانی بەشداربووی كۆبوونەوەكان لە ھەردوو باڵەكەی یەكێتی تا ئێستا ھیچ زانیارییەكان لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی ئەم دوو رۆژەی نێوانیان نەخستوەتەڕوو".

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە كوردستان24 گوت: "دوو رۆژ لەمەوبەر كۆبوونەوەیەك لە نێوان حاكم قادر حەمەجان لە باڵی ناوەندی بڕیار و رەفعەت عەبدوڵڵا لە زۆرینەی مەكتەبی سیاسی ئەنجامدراوە و بڕیاردراوە لیژنەیەك پێكبھێنرێت و گفتوگۆ لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بكەن".

پەیامنێرمان ئاشكرای كرد: "لیژنەكە پێكھاتوون لە حاكم قادر، شاڵاو عەلی عەسكەری، عەدنان حەمە مینە لە باڵی ناوەندی بڕیار و رەفعەت عەبدوڵڵا، بێگەرد تاڵەبانی، لە تیف شێخ عومەر لە باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی".

لە 1 ئەیلولی 2016، ھەردوو جێگری سكرتێری گشتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی ناوەندی بڕیاریان لە ناو حزبەكەیان راگەیاند، رۆژی دواتریش باڵی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لە راگەیاندراوێكدا ناوەندی بڕیاریان بە ناشەڕعی وەسفكرد و خۆشیان بە زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناساند.