بارزانی: له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتووین ته‌واوی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین
عه‌بادی: دابینكردنی ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی سه‌رشانمانه
K24 – هه‌ولێر
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند به پێی یاسا و ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاكان زیاتر ده‌كه‌ین و هه‌ردوولا ئاماده‌ییان پیشانداوه بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان كه له به‌رژوه‌ندیی گه‌لانی عێراقدا بێت.
گوتیشی پشتگیری هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین و پێكه‌وه هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان، كه له ساڵی 2003 ـه‌وه چه‌ندین گۆڕانكاری روویانداوه، هه‌ندێ له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كراون و به‌رده‌وامین له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنیان.
هه‌روه‌ها گوتی دابینكردنی ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی سه‌رشانمانه و هه‌ماهه‌نگی باشی سه‌ربازی له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هه‌یه و ته‌نیا عێراقییه‌كان به‌شداری له شه‌ڕی موسڵ ده‌كه‌ن.
له لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند پشتگیری ته‌واو له عه‌بادی ده‌كه‌ین و باسمان له چه‌ندین ته‌وه‌ری جیاواز كرد و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له نێوان هێزه‌كانی عێراقی و پێشمه‌رگه هه‌یه و پلانێكی باش و تۆكمه بۆ رزگاركردنی موسڵ دانراوه.
هه‌روه‌ها گوتی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان رێككه‌تووین، له نێوانیاندا پرسی گاز و نه‌وت و ئابووری.
گوتیشی ته‌واوی كێشه‌كان پێویسته به رێگه‌ی دانوستان چاره‌سه‌ر بكرێن. هه‌رێمی كوردستان قوڵاییه‌كی ستراتیژی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه. ته‌واوی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش كۆنترۆڵ ده‌كه‌ینه‌وه و قسه‌كانی ئاراسته‌ی خه‌ڵكی موسڵی كرد و رایگه‌یاند به‌م زووانه له ده‌ست داعش رزگارتان ده‌كه‌ین و داهاتووی هاووڵاتیانی موسڵ پارێزراوه و ئامانجمان له‌ناوبردنی داعشه.
هه‌روه‌ها پێرۆزبایی له ته‌واوی هێزه‌كانی عێراقی و پیشمه‌رگه كرد به‌بۆنه‌ی رزگاركردنی ناوچه‌كان له ژێر ده‌ستی داعش.