ئۆجه‌لان: كاتی خۆ رزگاركردنی رۆژئاوایه‌

ئه‌مریكا ستراتیژی لاوازكردنی كورد و تورك گرته‌به‌ر

K24 – هه‌ولێر

عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆكی په‌كه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆژئاوای كوردستان خۆی رزگار بكه‌ت.

محه‌مه‌د ئۆجه‌لان برای ئۆجه‌لان ناوڕۆكی سه‌ردانی براكه‌ی له‌ رۆژانی جه‌ژن له‌ ئیمرالی ئاشكرا كرد.

ئۆجه‌لان سه‌باره‌ت به‌ رۆژئاوای كوردستان رایگه‌یاندووه‌: "ئه‌مریكا له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعش یارمه‌تی په‌په‌ده‌ی دا. به‌ڵام چه‌ند هه‌فته‌ پێش ئێستا ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ی جه‌رابلوسه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ رۆژئاوا بانگهێشت كرد. ئه‌وه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكی باش هه‌یه‌، پێم وایه‌ ئه‌مریكا ستراتیژی لاوازكردنی كورد و تورك گرته‌به‌ر. به‌ بێ خواستی ئه‌مریكا، توركیا نه‌ده‌چووه‌ جه‌رابلوس، ئامانجی ئه‌مریكا پێكدادانی هه‌ردوو هێزه‌".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی رۆژئاوای كوردستان، ئۆجه‌لان باس له‌ رابردووی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت:‌ "له‌گه‌ڵ دوو هاوڕی بێ چه‌ك و بێ پاره‌ چووینه‌ رۆژئاوا و توانیومان له‌ سه‌رده‌می حافیز ئه‌سه‌د كاری گه‌وره‌ بكه‌ین و رۆژئاوامان به‌ دونیا ناساند، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستهاتووه‌  ئه‌نجامی پرۆژه‌ی چه‌ندین ساڵه‌مانه‌.

گوتیشی ئێستا له‌ رۆژئاوا نزیكه‌ی 50 هه‌زار هێزی چه‌كدار هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ خۆی رزگار نه‌كات، چ كاتێك ده‌توانێ خۆی رزگار بكات.