توركیا كار دەكات بۆ جیاكردنەوەی چەكدارانی عەرەب لە ھێزەكانی سوریای دیموكرات

K24 – هه‌ولێر

توركیا به‌ بیانووی به‌رێوه‌بردنی منبج و ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی ره‌قه‌ هه‌وڵی جیاكردنه‌وه‌ی چه‌كدارانی عه‌ره‌ب له‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌دات كه‌ وه‌ك فۆرمولێكی نوێ خستووه‌ به‌رده‌م به‌رپرسانی ئه‌مریكا.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئه‌لجه‌زیره‌، به‌رپرسێكی باڵای توركیا رایگه‌یاند ئه‌نقه‌ره‌ پێشنیارێكی نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی منبج و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ره‌قه‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌مریكا كردووه‌ كه‌ چه‌كداره‌ عه‌ره‌به‌كانی ناو هێزه‌كانی سوریا دیموكرات و سوپای سوریا ئازاد پێكه‌وه‌ شاری منبج به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و بۆ ئۆپه‌راسیۆنی ره‌قه‌شی ئه‌و دوو هێزه‌‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن.

پێشنیاری توركیا پاش ئه‌وه‌ی دێت كه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ توركیا له‌ دژی به‌شداریكردنی یه‌په‌گه‌یه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ره‌قه‌ و مانه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوا فورات و له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆژئاوای كوردستان له‌ دژی به‌شداریكردنی توركیایه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ره‌قه‌ و هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له‌ ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان.

ناوچه‌كانی باكووری ره‌قه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدان كه‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردن و له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پشتگیری لوجستی، سه‌ربازی، مه‌شق و راهێنان و هه‌واڵگری ده‌كرێن.