مەلا بەختیار بۆ رۆژنامهیهكی ئێرانی: ئەگەر وتەکانی من وەك خۆی بگەیەنن، مەمنوونتان دەبم
"داوا لە خوێنەرانی ئێرانی دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەری شۆڤێنیستەکانی ناوچەکە"
K24 - ههولێر:
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "شەرق"ی چاپی تاران، داوا لە خوێنەرانی رۆژنامەکە دەکات لە بارەی سەربەخۆیی کوردستانەوە نەکەونە ژێر کاریگەری شۆڤێنیزمی ناوچەکەوە.
مەلا بەختیار بە پەیامنێرەکەی رۆژنامەی شەرقی، گوتووه، "ئەگەر بتوانن وتەکانی من وەک خۆی بە خوێنەرانی ئێرانی بگەیەنن، مەمنوونتان دەبم".
ههروهها گوتی: "دەڵێم لە دڵی خۆتاندا تۆمەتی جیابوونەوە لە ئێمە مەدەن و ئێمە لەسەر خاكی خۆمان لە پڕۆسەی مێژووی پێشکەوتنی نەتەوەیی داین و وەک هەموو نەتەوەکانی جیهان داوای مافی دیموکراسی دەکەین".
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی یەکێتی، هەروەها دەڵێت: "هیوادارم نەتەوەی فارس بەم هەموو پێشکەوتنە پڕشکۆیەوە، تۆمەتی جوداییخوازیمان لێنەدات و گەیشتن بە مافەکانمان لە گۆشە نیگای خۆمانەوە قبووڵ بکەن".