سه‌لاحه‌دين به‌هائه‌دين روونكردنه‌وه‌يه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

داوايكردووه‌، رێز له‌ بۆچوون و تێڕوانينى جيا بگيرێت.

K24 – هه‌ولێر:

به‌ هۆى ياوه‌ريكردنى شاندى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا به‌ سه‌رۆكايه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ميندارى گشتيى يه‌كگرتوو سه‌لاحه‌دين به‌هائه‌دين رووبه‌ڕووى شه‌پۆلێكى ره‌خنه‌ و تيروتوانجى نه‌يارانى بووه‌ته‌وه‌ و له‌و باره‌يه‌شه‌وه‌ ناوبراو له‌ روونكردنه‌وه‌يه‌كدا داوايكردووه‌، رێز له‌ بۆچوون و تێڕوانينى جيا بگيرێت.

ده‌قى روونكردنه‌وه‌كه‌:

روونكردنەوەیەك لە نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو

بۆ رای گشتی كوردستان و رێكخستنەكانی یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان

بەداخەوە لەم رۆژانەدا سەبارەت بەدید و خوێندنەوەی جیاواز لە بارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا.. جەدەل و هەڵایەك دروست كراوە تارادەیەك سنوری برایەتی و هاوخەباتی بەزاند و هەندێ چەواشەكاریشی لێ كەوتەوە..

ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێرای رێزگرتن لە راوبۆچوون و دید و خوێندنەوە جیاوازەكان، هەموو سنور بەزاندن و پێشلكاریەكی بێ پاسا و رەتئەكەینەوە و داوا ئەكەین لە خەڵكی خۆراگری كوردستان بەگشتی و رێكخستن و راگەیاندن و چالاكوانانی یەكگرتوو بەتایبەت كە خۆیان بەدووربگرن لەو جۆرە پێشێلكاریە و بەناوی وەڵامدانەوەوە نەكەونە جوغزی مهاتەرات و سنوربەزاندن و، نەكەن پرۆسەی مافی داكۆكی كردن لە هەڵوێست و بریاری خۆیان بە ئەدەبیات و ئادابی ناپەسەند ناشرین بكەن بەڵكو دەبێ یەكگرتووانە خۆراگر و بروا بەخۆبوون بنوێنن و هەڵە بەهەڵە چارەسەرنەكەن..

هەروەها دەخوازین بەرێزانی تریش لەلایەنی سیاسی و رۆشنبیران لەم بابەتە و لە هەربابەتێكی جیاوازی تردا رەچاوی ئاداب و پرنسیپی رەخنە و خستنەرووی سەرنج و خوێندنەوەی جیاواز بكەن و پەراوێزێكی زۆرتر بۆ برایەتی و هاوخەباتی و هاوسەنگەری و هاو سێیەتی بەجێ بهێڵن.

رووداوەكان دێن و دەرۆن . بەڵام پێكەوە ژیان و پێكەوەبوون تەواو نابێ ..

نوسینگەی ئەمینداری گشتی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

2016/10/1