بۆچی بارزانی له به‌غدا گوتی "سه‌ربه‌خۆیی" و باسی "جیابوونه‌وه"ی نه‌كرد؟
شاره‌زایه‌كی یاسایی عێراق شیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
تاریق حه‌رب، كه پسپۆرێكی دیاری یاساییه له عێراق، له رووی یاساییه‌وه شیكردنه‌وه بۆ لێدوانه‌كانی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا, ده‌كات، سه‌باره‌ت به به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی" له‌جیاتی "جیابوونه‌وه" و ده‌ڵێت: "له رووی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ئه‌م دوو ده‌سته‌واژه‌یه، واتای جیاوازییان هه‌یه".
تاریق حه‌رب، ده‌ڵێت: "بارزانی سه‌باره‌ت به (جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی) به یه‌ك وشه زۆر شتی گوت".
سه‌باره‌ت به به‌كارهێنانی وشه‌ی "سه‌ربه‌خۆیی - الاستقلال" له جیاتی "جیابوونه‌وه - الانفصال"، ئه‌و یاساناسه عێراقییه ده‌ڵێت: "له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، عه‌مار حه‌كیم وشه‌ی جیابوونه‌وه‌ی به‌كارهێنا، به‌ڵام بارزانی، زۆر به روونی وشه‌كه‌ی راستكرده‌وه و گوتی: سه‌ربه‌خۆیی، چونكه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه له رووی یاساییه‌وه چه‌ندین مانا هه‌ڵده‌گرێت".
تاریق حه‌رب له باره‌ی سه‌ربه‌خۆییه‌وه ده‌ڵێت: "به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی, له‌لایه‌ن بارزانی، به مانای ئه‌وه‌ی دێت هه‌رێم له‌لایه‌ن وڵاتێكی دیكه‌وه داگیركراوه, ئه‌و ئيستيعمار و داگیركارییهش كۆتایی دێت و به سه‌ربه‌خۆیی خۆی ده‌گات، واتا هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر داگیركاری و ئيستيعمارى عێراقدایه و هه‌ر ده‌بێت ئه‌و داگیركارییه كۆتایی بێت".
سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی "جیابوونه‌وه" له رووی یاساییه‌وه، ئه‌و شاره‌زا یاساییه ده‌ڵێت: "ده‌سته‌واژه‌ی جیابوونه‌وه، كاتێك ده‌بێت، كه به‌شێكی ده‌وڵه‌تێك له‌و ده‌وڵه‌ته جیاده‌بێته‌وه, كه وابه‌سته‌ییه‌كی زۆر و یه‌كسانی له رووی ماف و ئه‌ركه‌كانه‌وه هه‌بێت, هاوكات پێشتر ئه‌و به‌شه له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌وه داگیرنهكرابێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له باشووری سوودان روویدا، به‌و پێیه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی خاكی وڵات پێشتر له‌لایه‌ن سوودانه‌وه داگیرنهكرابوو، به‌ڵام جوداخوازان، جیایانكردهوه و ده‌وڵه‌تێكی نوێیان به‌ناوی باشووری سوودان, دامه‌زراند".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له ئاسیا و ئه‌فریقا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان وه‌رگرتووه، وه‌كو عێراق كه له‌ژێر ئیستیعماری به‌ریتانیدا بوو و له سه‌ده‌ی رابردوو سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌رگرت".
روونیشیكردووه‌ته‌وه، وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی له ئیمپریالیزم یاخود داگیركه‌ر، مانا و ده‌لالاتی خۆی هه‌یه، به‌و پێیه‌ی سه‌ربه‌خۆیی پرسێكه به ده‌ستووری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه پابه‌ند نییه و به‌سه‌ریدا جێبه‌جێ نابێت، به‌ڵكو به یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه، په‌یوه‌سته", بۆیه سه‌ربه‌خۆیی, پێویست به گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی و ده‌ستووری ناكات، به‌تایبه‌تیش ده‌ستوور و یاسای ئه‌و وڵاته‌ی داگیریكردووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌كات، به به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، پرسه‌كه له كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی ده‌كاته كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندی به مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لانی داگیركراوه‌وه ده‌بێت، به گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیش، مافی سه‌ربه‌خۆیی به خاك و گه‌لی داگیركراو دراوه بڕیار له چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن.
هه‌روه‌ها روونیشیكردووه‌ته‌وه، سه‌ربه‌خۆیی واتا ده‌رچوونی به‌شێك له هه‌موو، به‌ڵام جیابوونه‌وه، واتا جێهێشتی به‌شێك له هه‌موو.
تاریق حه‌رب جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه، سه‌ربه‌خۆیی به گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی كارێكی رێگه‌پێدراوه و "مشروعه" به‌ڵام جیابوونه‌وه، پرسێكی رێگپێنهدراوه "غیر مشروعه".