پشتیوان سادق: 300 هه‌زار قوتابی ئاواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خوێنن

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عێراق سوپاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری پەروەردەی عێراق ئێستا بە سەردانێک لە ھەرێمی کوردستانە، وەک خۆی دەڵێت ھاتووە، ھەماھەنگی  لە بواری پەروەردە لە نێوان ھەولێر و بەغدا زیاتر بکات و ئامادەکاریش دەکات بۆ چۆنێتی پێشوازیكردن لەو قوتابیانەی لە کاتی دەستپێکردنی شەری ئازادكردنی موسڵ، ئاوارەی باشووری کوردستان دەبن.

 وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەڵێ: ئەگەر حکومەتی عێراق ھاوکاری تەواومان نەکات, چیدیکە ناتوانین قوتابى زیاتری ئاوارە وەربگرین.

جارێکی دیکە وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێم باری سەختی ئابووری و رەوشی خراپی مامۆستایانی باشووری کوردستانی، خستە بەردەم وەزیری پەروەردەی عێراق، چونکە بەھۆی بوونی زیاتر لە 250 ھەزار خوێندکاری ئاوارەی شارەکانی خوارووی عێراق، کە لە ھەرێمی کوردستان دەخوێنن، حکومەتی ھەرێم بەشێکی ئەرک و موچەی مامۆستایان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق

لە دواین سەردانی شاندی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ھەرێم، باس لە دابین کردنی موچەی مامۆستایان کراوە، ھاوکات لیژنەیەکیش لەووەزارەتی پەروەردەی عێراق پێکھێندراوە، تاوەکو چارەنووسی ئەو خوێندکارانە دیاری بکات، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ ئاوارە دەبن

بەھۆی ئاوارەبوونی رێژەیەکی زۆری دانیشتوانی شارەکانی ناوەراست و خواری عێراق، بۆ باشووری کوردستان، نزیکەی ٦٠٠ قوتابخانە بۆ خوێندکارە ئاوارەکان دابینکراوە، کە 100 قوتابخانەیان موڵکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانن.