خامنەیی داوا لە خوێندنگە ئایینیەکان دەکات ستراتیژیی داهاتوو دابڕێژن

"حەوزەی زانستە ئیسلامییەکان لە دەستەڵاتی ئیسلامی جیا ناکرێتەوە"

K24 - هه‌ولێر:

ئایەتووڵڵا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی خوێندنگە ئایینییەکان داوای کرد ماوستایانی ئەم خوێندنگانە ستراتیژیی داهاتوو دابڕێژن و گوتی: ئەم خوێندنگایانە تێکەڵاوی حکومەتی ئیسلامین و پێویستە بەردەوام حکومەت رێنوێنی بکەن.

فێرگەی زانستە سیاسییەکانی ئایینی شیعە کە لای خۆیان بە حەوزەهای علمیە ناودەبرێن، سەرچاوەی دەستەڵاتی ئیسلامی سیاسیی شیعەن و مەرجع و زاناکانیشیان لەم فێڕگانەدا وانە دەڵێنەوە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی رۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی حەوزەی زانستە ئیسلامییەکانی ئێران کۆبووە و داوای کرد ئەم حەوزانە، ناوەندێکی لێکۆڵینەوە و داڕشتنی ستراتێژی دابمەزرێنن.

خامەنەیی گوتی: لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستە حەوزەی زانستە ئیسلامییەکان پرۆژەی گۆڕانکاریەکان رێکبخات و بە پێی ئەم پرۆژەیە ستراتێژییەکی ورد بۆ داهاتوو دابڕێژێت.

هەر رۆژی یەکشەممە، بەڕێوەبەری کۆمەڵی وانەبێژانی حەوزەی زانستە ئایینەییەکانی قوم، محەممەد یەزدی، رایگەیاند: ئیزن نادەن کۆنسێرتی گۆرانی لە شاری قوم بەڕێوە بچێت.

محەممەد یەزدی، داوای لە عەلی جەننەتی وەزیری ئیرشاد کرد سیاسەتەکانی بگۆڕیت و دەست لە کاروباری فیقهی وەرنەدات.