به‌ركه‌وتووێكی چه‌كی كیمیای بۆ چاره‌سه‌ركردن ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كرێت

له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم

K24 - هه‌ڵه‌بجه‌:

ئەمە مەراسیمی بەڕێکردنی کامیل عەبدولقادرە كە یەكێكە لە بریندارانی چەكی كیمیایی ھەڵەبجە و لەسەر راسپاردەی مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و لەسەر ئەركی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردن دەنێردرێتە ئەڵمانیا.

كامیل 90%ی سیەکانی کارناکەن، ، جیاواز لەم بریندارە و بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، 10 برینداری دیکەش ھاوشێوەی کامیل عبدولقادر پێویستیان بە چارەسەری بەپەلەیە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوو, حکوومەتی ھەرێم 400 برینداری چەکی کیمیاوی لە ھەڵەبجە و دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانان، لە رێگەی وەزارەی شەھیدانەوە لەوڵاتی ئێران چارەسەری بەردەوامی بۆ دەکرن، بەڵام ئێستا وەزارەتی شەھیدان ماوەی ساڵێک دەبێت، چارەسەری بریندارەکانی لە وڵاتی ئێران راگرتووە، وەزارەتی تەندرووستیش چاوەڕوانی رادەستکردنی دۆسیەی ئەو بریندارانەیە لەلایەن وەزارەتی شەھیدانەوە، بۆئەوەی لە رێگەی تەندروستیەوە چارەسەرەکەیان بۆ بکرێت.

سەرباری وەستانی چارەسەری بریندارانی چەکی کیمیاوی، حکوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی تەندرووستیيەوە ماوەی 10 ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکە لەھەڵەبجە بۆ ئەو بریندارانە، بەڵام دوای ئەو 10 ساڵەش ئەو نەخۆشخانەیە نەکراوەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانیش لە دوای ساڵی 2003وە تا ئێستا نزیکەی 90 برینداری چەکی کیمیاوی بەھۆی کاریگەری ئەو چەکە لەسەر جەستەیان گیانیان لە دەستداوە.